بوومه‌له‌رزه‌كه‌ 25 كه‌سی برینداركرد

بوومه‌له‌رزه‌ به‌شێكی رۆژهه‌ڵات و باشووری كوردستانی هه‌ژاند

K24 - هه‌ولێر:

بوومەلەرزەیەك بەشێكی زۆر لە رۆژھەڵاتی كوردستانی ھەژاند و لە باشووری كوردستانیش ھەستی پێكراوە، تاكوو ئێستاش 25 کەس لە جوانڕۆ و سەلاسی باوەجانی و دەورووبەری بریندار بوون.

نیوەڕۆی ئەمرۆ یەكشەممە بوومەلەرزەیەك بە گوری 5 پۆینت 9 پارێزگای كرماشانی رۆژھەڵاتی كوردستانی ھەژاندووە، راگەیاندنەكان دەڵێن: "ناوەندی بوومەلەرزەكە لە تازە ئاوا لە پارێزگای كرماشان بووە، كە ھێزی بوومەلەرزەكە بەرادەیەك بووە كە لەھەموو پارێزگاكانی رۆژھەڵاتی كوردستان و لە پارێزگای ھەولێر و سلێمانی باشووری كوردستانیش ھەستی پێكراوە".

 بەرێوەبەری ناوەندی فریاكەوتنی ئێران رایگەیاندووە: "سەرجەم ھێزەكانیان لە ئامادە باشی تەواودان و تاکوو ئێستا ٢٥ کەس لە جوانرۆ و سەلاسی باوەجانی بریندار بوونە.

پەیامنێرانی كوردستان24 رایانگەیاند: "بوومەلەرزەیەك سلێمانی و ھەڵەبجە و كەركووك و  دەڤەری راپەڕین و سۆران و چەند شارو شارۆچكەیەكی دیكەی ھەرێمی كوردستانی ھەژاند".

بەڕێوەبەرایەتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرای كرد: "كاتژمێر 1: 07 خولەك ئەمڕۆ 22/7/2018 بوومەلەرزەیەك لە رۆژھەڵاتی كوردستان تۆماركراوە لە ناوچەی تازە ئابادی كرماشان بە قوڵایی 5.7كم بە گوڕی 5.9 پلەی رێختەر لە زۆربەی شارەكانی كوردستان ھەستی پێكراوە و ھیچ زیانێكی نەبووە".

ھاوكات بەپێی میدیا فەرمی ئێران، بوومەلەرزەیەك بە گوڕی 5.9 رێختەر پارێزگاكانی کوردستان، هەمەدان، ئازەربایجان و کرماشانی هەژاندووە.

بە گوێرەی زانیارییەكان ئاژانسی ھەواڵی مێھر، ناوەندی بوومەلەرزەكە تازاوای کرماشان بووە و لە قووڵایی 8 کیلۆمەتری روویداوە.

ئەمە لەكاتێكدایە سەر لەبەیانی ئەمرۆش بوومەلەرزەیەك لە ناوچەی روویدەری سەر بە پارێزگای ھۆرمۆزگانی ئێران روویداوە.

موجتەبا خالیدی، گوتەبێژی ناوەندی فریاكەوتنی ئێران ئاشكرای كرد، بوومەلەرزەكەی بەیانی ئەمڕۆی ئێران، گوڕەكەی5.7 رێختەر بووە.