ئەمەریکا دڵخۆشە بە هەناردەکردنەوەی نەوتی کەرکووک

"داهاتی نەوتی ئێران کەمدەکات"

K24 – هه‌ولێر:

بەهۆی دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی کەرکووک لە رێگای بۆرییە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، هێزێر ناوێرت، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا و جۆ بۆڵتن، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا، خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی.

هێزێر ناوێرت لە تویتێکدا نووسیویەتی: "هەناردەکردنەوەی نەوتی کەرکووک گەشەسەندنێکی ئەرێنی دەبێت بۆ عێراق و هەنگاوێکی گرنگیش دەبێت بۆ کەمکردنەوەی هەناردەی نەوتی ئێران".

ناوێرت بۆ ئەو مەبەستەش پیرۆزبای لە حکومەتی عێراق و کوردستان و باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق دەکات.

لە لایەکی دیکەوە جۆن بۆڵتن هاوشێوەی ناوێرت لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر هەناردە کردنەوەی نەوتی کەرکووک بە هەنگاوێکی گرنگ بۆ گەڕانەوەی داهات و سەربەخۆیی وزە لە عێراق دەزانێت.

دوێنێ هەینی، وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق بڵاویكرده‌وه‌، حكوومه‌تی فیدرالی و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گه‌یشتوونه‌ته‌ رێككه‌وتنێكی سه‌ره‌تایی بۆ هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی كه‌ركووك له‌ رێگه‌ی بۆری نه‌وتی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌.

لە دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر، هەناردەی نەوتی کەرکووک لە رێگای بۆرییەوە وەستابوو، ئەوەشی هەناردە دەکرا لە رێگای تانکەرەوە رەوانەی ئێران دەکرا.

H.J