به‌هۆی به‌فربارین رێگه‌ی نێوان دەڤەری راپەڕین و قەزاکانی رواندز و سۆران داخرا
K24 - هه‌ولێر:
بەهۆی بەفربارین لە بەرزاییەکانی زینی وەرتێ، رێگای سەرەکی نێوان دەڤەری راپەڕین و قەزاکانی رواندز و سۆران دەپچڕێ و ژمارەیەك ئۆتۆمبێلیش لە لۆفەکانی زینی وەرتێ، لە بەفردا گیریان خواردووە.
ئاراس ئه‌مین، په‌یامنێری كوردستان 24 له زاری شایه‌تحاڵانه‌وه رایگه‌یاند، سەر لە ئێوارە, تەنها ئەو ئۆتۆمبێلانەی دەبڵ ئەکسڵ بوون توانیویانە بەڕێگاکەدا بڕۆن، بەڵام ئێستا ئەو ئۆتۆمبێلانەش ناتوانن بڕۆن و ڕێگاکە بەتەواوی داخراوە.
شایه‌تحاڵان ئاماژە بەوەش دەکەن ژمارەیەك ئۆتۆمبێل رێگای دەرچوون بەرەو شارەدێی وەرتێ یان گەڕانەوە بەرەو رانیەیان لێ گیراوە.
په‌یامنێری كوردستان 24 راشیگه‌ياند، بەفربارین لە ئێوارەوە لە بەرزاییەکانی زینی وەرتێ دەستیپێکردووە و تائێستاش بەردەوامی هەیە.
ماوه‌یه‌كه پله‌كانی گه‌رمی دابه‌زیون و كه‌شناسی هه‌رێمی كوردستانیش پێشبینی بۆ كه‌شوهه‌وای چه‌ند رۆژی داهاتوو ئاشكرا كردووه و رایگه‌یاند، پله‌كانی گه‌رما داده‌به‌زن و جگه له بارانبارین، پێشبینی ده‌كرێت له ناوچه شاخاوییه‌كانیش به‌فر ببارێت.
ئ. م