داعش دوايين مۆڵگه‌ى خۆى له‌ رۆژهه‌ڵاتى دێرزوور چۆڵ كرد

2 هه‌زار و 200 كه‌س، كه‌ نزيكه‌ى 180 كه‌سيان چه‌كدارى داعشن، ره‌ويان كردووه‌

K24 – هه‌ولێر:

ده‌يان چه‌كدارى داعش و زياتر له‌ دوو هه‌زار كه‌س له‌ دوايين مۆڵگه‌ى داعش له‌ خۆرهه‌ڵاتى دێرزوور روويان له‌ كه‌نارى رۆژهه‌ڵاتى فورات كردووه‌.

روانگه‌ى سووريا بۆ مافه‌كانى مرۆڤ رايگه‌ياند، 2 هه‌زار و 200 كه‌س، كه‌ نزيكه‌ى 180 كه‌سيان چه‌كدارى داعشن، ره‌ويان كردووه‌.

گوتيشى: هه‌زار و 100 كه‌س كه‌ زۆربه‌يان ژن و منداڵن و 80 كه‌سيان چه‌كدارى داعشن، دواى نيوه‌ڕۆى دوێنێ به‌ پاس و ئۆتۆمبێل روويان كردووه‌ته‌ ئه‌و خێوه‌تگانه‌ى هێزه‌كانى سوورياى ديموكرات(هه‌سه‌ده‌) بۆيان ئاماده‌ كردوون.

رامى عه‌بدولڕه‌حمان به‌ڕێوبه‌رى روانگه‌كه‌ رايگه‌ياند، 20 هه‌زار كه‌س له‌ سه‌ره‌تاى مانگى ديسه‌مبه‌رى رابردووه‌وه‌ ناوچه‌كه‌يان به‌جێهێشتووه‌.

روونيشيكرده‌وه‌، له‌ كۆى 5 هه‌زار و 300 ئاواره‌بوو، 500 كه‌سيان چه‌كدارى داعشن و به‌ پياده‌ڕۆ، ناوچه‌كه‌يان به‌جێهێشتووه‌.

سه‌رچاوه‌: AFP

ئ.ر