خه‌ڵكى سلێمانى داوا ده‌كه‌ن په‌له‌ بكرێت له‌ پێكهێنانى كابينه‌ى نوێى حكومه‌تى هه‌رێم

تا ئێستا لايه‌نه‌كان نه‌گه‌يشتوونه‌ته‌ رێككه‌وتن بۆ پێكهێنانى كابينه‌ى نوێ
kurdistan24.net

K24 – سلێمانى:

ھاووڵاتییانی دانيشتووى شارى سلێمانی داوا لە لایەنە سیاسییەكان دەكەن كۆتایی بە كات كوشتن بێنن و بگەن بە رێككەوتن بۆ ئەوەی خەڵكی كوردستان ھیوای بۆ بگەڕێتەوە و لەم دۆخە سیاسی و ئابوورییە رزگاری بێت.

زياتر له‌ سێ مانگه‌ پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنى گشتيى له‌ هه‌رێمى كوردستان ئه‌نجامدراوه‌ و تا ئێستا لايه‌نه‌كان نه‌گه‌يشتوونه‌ته‌ رێككه‌وتن بۆ پێكهێنانى كابينه‌ى نوێى حكومه‌تى هه‌رێم.

له‌ لايه‌ن خۆيه‌وه‌ پارتى ديموكراتى كوردستان وه‌ك براوه‌ى يه‌كه‌مى پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردن چه‌ندين خولى دانووستانى له‌گه‌ڵ هه‌ريه‌ك له‌ يه‌كێتى نيشتمانى كوردستان و بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌ هه‌ولێر و سلێمانى ئه‌نجامداوه‌.

هاوكات بڕیاره‌ سبه‌ی هه‌ر دوو مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی و پارتی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی دیكه‌ی باڵا له‌ هه‌ولێر ئه‌نجام بده‌ن.

چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له‌و كۆبوونه‌وه‌يه‌دا پارتى و يه‌كێتى تاوتوێی نه‌خشه‌ رێگه‌ی رێككه‌وتنى نێوانيان سه‌باره‌ت به‌ پێكهێنانى كابينه‌ى نوێى حكومه‌تى هه‌رێم بكه‌ن.