سه‌رۆكی هه‌رێم له‌ناو په‌رله‌مان هه‌ڵده‌بژێردرێت و ته‌نیا پارتی كاندیدی هه‌یه‌

بڕگه‌یه‌كی یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌موار ده‌كرێته‌وه‌
kurdistan24.net

K24 - هه‌ولێر:

هەفتەی داهاتوو پەرلەمانی کوردستان کارەکانی بۆ هەمواری یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەست پێدەکات، لایەنەکانیش نزیکن لە رێککەوتن لەسەر هەمواری یاساکە.

بە گوێره‌ی رێککەوتنەکە، یاسای سەرۆکایەتیی هەرێم تەنها یەك برگەی هەموار دەکرێتەوە، دوای هەموار کردنەکەش، دەرگای خۆ پاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە.

لیژنەی یاسایی هەفتەی داهاتوو یەکێك لە یاسا گرنگەکان هەموار دەکاتەوە، لێژنەکە دوای هەڵبژاردنی سەرۆکی لێژنە و جێگر و بڕیاردەرو لە ماوەی چەند رۆژێکدا یاساکە هەموار دەکاتەوەو دواتر رەوانەی پەرلەمان دەکرێت، بەپێى  گفتوگۆی لایەنەکان، یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان تەنها یەك بڕگەی هەموار دەکرێتەوەو کە ئەویش سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە جیاتی ئه‌وه‌ی لە نێو خەڵك هەڵبژێردرێت، لە پەرلەمان هەڵدەبژێردرێت.

بۆ تێپەڕبوونی هەر پرۆژە یاسايه‌ك، پێوستە لە کۆی 11 ئەندامی لێژنەی یاسایى، 6 ئه‌ندام دەنگی بۆ بدەن، یاسای هەمواری یاسای سەرۆکایەتی گرفتێکی بچووکی بەردەم لایەنە سیاسيیەکانە، دوای هەمواركردنه‌وه‌یشی پەرلەمانی کوردستان دەرگای کاندیدبوون بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە.

لە نێو لایەنە سیاسیەکاندا، تا ئێستا تەنها پارتی دیموکراتی کوردستان کاندیدی بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەیە، بۆ هەمواری یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانیش رێککەوتنی لایەنەکان گرنگە، بە تایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان و  یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، چونكە ئەم یاسایە پێوستی بە رێککەوتنی سیاسی هەیە.

ئ. م