جارێكی دیكه‌ پێكدادان لە نێوان سوپای عێراق و یەبەشە رووید‌ا

سەربازێکی عێراقی کوژراوە و ئۆتۆمبێلێکیش سووتێنراوە

K24 - دهۆك:

کەمێک پێش ئێستا، لە گوندی (باب شلۆ)ی سەر بە ناحیەی سنوونێ لە نزیک خانەسوور لە شنگال، لە دوای دوو رۆژ لەو شەڕ و پێکدادانەی 17ی ئادار/ مارسی 2019 لە نێوان سوپای عیراق و چەکدارانی یه‌كینه‌كانی به‌رخودانی شنگال (یەبەشە) كه‌ سه‌ر به‌ په‌كه‌كه‌ن، درووست بوو بوو، ئەمڕۆ جارێكی دیكه‌ شەڕ لە نێوانیاندا روویدایەوە.

فەرماندەیەکی یەبەشە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت به‌ كوردستان24ى راگه‌یاند "سێ لیوای سوپای عێراقی لە مووسڵەوە هاتبوون، هاتنە سەر بارەگاکانی یەبەشە لە باب شلۆ و داوایان كرد چەکەکانمان دابنێین و شوێن و زاڵگەکان چۆڵ بکەین و رادەستی سوپای عیراقیان بکه‌ینه‌وه‌، بەڵام رازی نه‌بووین فەرمانەکانی سوپای عیراق جێبەجێ بکه‌ین، بۆیە شەڕ لە نێوانمان روویدا".
لە ناوچەی (ئۆم دیبان)یش لە سەر هێڵی سنووری نێوان عێراق و سووریا، شەڕ لە نێوان چەکدارانی هه‌ردوو لا روویدا، لە ئەنجامدا سەربازێکی عێراقی کوژرا و ئۆتۆمبێلێکی سەربازی عێراقیش سووتێنرا، لە هەردوو لاش بریندار هەیە.
هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه‌، فەرماندەیەکی پۆلیسی عێراقی کە ئەویش نەیویست ناوى ئاشكرا بكرێت، به‌ پەیامنێری کوردستان24ى راگه‌یاند "دواى ئه‌و هۆشدارییەی سوپای عیراقی لە رۆژی 17 ئەم مانگە بە یەبەشەى دا و پابه‌ند نه‌بوونیان، ئه‌مڕۆ سێ لیواى سوپای عێراق هاتنه‌ سەر بارەگاکانیان".