پارادیپلۆماسی کورد
ده‌سه‌ڵاتی خه‌لافه‌تی ئیسلامی یا داعش کۆتایی پێهات. له چوار ساڵی عومری داعشدا، کورد هه‌م زیانێکی زۆری پێ گه‌یشت، هه‌م له رووخانه‌که‌شی دا ده‌وری گرنگی هه‌بوو. ئه‌وه یه‌که‌مجار نه‌بوو، که ئیسلامی سیاسی قوربانی له کورد ده‌گرت، به‌ڵام ره‌نگه یه‌که‌مجار بێ کورد له رووخانی ئیسلامی سیاسی دا ده‌ورێکی وه‌ها گرنگ بگێڕێ و هیوای هه‌بێ له قۆناغی دوای داعشدا ره‌وشێکی باشتر له رابردووی به خۆیه‌وه ببینێ. هه‌ر وه‌ک گوترا کورد پێشتریش قوربانی ئیسلامی سیاسی بووه.
دوای شۆڕشی گه‌لانی ئێران له 1979دا به‌شێک له کێشه‌ی بزوتنه‌وه‌ی کورد له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان، کێشه‌ی هاوکاری ئیسلامییه‌کان له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی تاران بوو، له ژێر ناوی پێشمه‌رگه‌ی موسڵماندا. باشوری کوردستانیش شاهیدی سه‌رهه‌ڵدانی بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی بوو، که ده‌ورێکی تێکده‌رانه‌ی له بزوتنه‌وه‌ی کورددا گێڕا و دواتریش ئه‌نسارولئیسلامی لێکه‌وته‌وه و به‌ره‌ر تێرۆریزم رۆیشت.
رووداوه دڵته‌زێنه‌کانی خێڵی حه‌مه و یه‌کی شوبات هه‌موو پێش داعش قه‌ومابوو. له باکووریش حزبوڵڵای کوردستان و دواتره‌که‌ی هوداپار زیانێکی زۆریان به بزوتنه‌وه‌ی کورد گه‌یاندووه به‌ڵام هیچکامیان له ئاستی کاره‌ساتی شنگال به دژی کورده ئێز‌دییه‌کان و هه‌روه‌ها شه‌ڕی دژه داعش و شه‌هید بوونی هه‌زاران پێشمه‌رگه و شه‌ڕڤان له باشوور و رۆژئاوای کوردستاندا نه‌بوو. بڵێی له‌ناوچوونی داعش خێرێکی بۆ کورد هه‌بێ؟ بڵێی کیانێکی دیکه‌ی کوردی له قۆناغی دوای داعش له سوریا دابمه‌زرێ؟ و له هه‌مووی گرنگتر بڵێی دوو کیانی کوردی له باشوور و رۆژئاوای کوردستان بتوانن قۆناغی پارادیپلۆماسی ده‌سپێبکه‌ن؟ بۆ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه ده‌بێ سه‌ره‌تا بزانین مه‌به‌ست له پارادیپلۆماسی چیه.
دوای کۆتایی شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانی و دامه‌زراندنی رێکخراوی نه‌ته‌وه‌کان (جیاوازه له رێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کانی ئێستا، که دوای شه‌ڕی دووهه‌می جیهانی دامه‌زراوه) ئه‌و رێکخراوه‌یه به مافه که‌مینه نه‌ته‌وه‌کان هه‌ستیار بوو.
دوای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ئیپمراتۆری ئۆتریش و مه‌جه‌ڕستان و سازبوونی وڵاتانی له‌هستان و چیکۆسلاڤاكی و... ئه‌و رێکخراوه‌یه داکۆکی له مافی ئه‌ڵمانییه‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و دوو وڵاته‌دا کرد و ئه‌وانیش دانیان به فره‌نه‌ته‌وه بوونی وڵاتی خۆیاندا هێنا. ئه‌وه سه‌ره‌تایه‌ک بوو بۆ شێوازی تازه‌ی دیپلۆماسی.
له ساڵانی دوای شه‌ڕی دووهه‌می جیهانیشدا گرنگی زیاتر به مافی نه‌ته‌وه بێ وڵاته‌کانی ئه‌وروپا درا. بۆ وێنه وڵاتی به‌لژیک که له سێ پێکهاته‌ی زمانی ئه‌ڵمانی و فه‌رانسه‌ویی و هوڵه‌ندی پێکهاتووه، هه‌ر کام له‌و پێکهاتانه بۆیان هه‌بوو له‌گه‌ڵ وڵاته هاوزمانه‌کانی دراوسێیان پێوه‌ندی تایبه‌تیان هه‌بێ جیاواز له پێوه‌ندی ئاسایی بروکسێل له‌گه‌ڵ پاریس و بۆن و ئامستردام. هه‌روه‌ها دوای رووخانی فرانکۆ له ئیسپانیا و گه‌یشتنی که‌ته‌لۆنه‌کان به مافی خودموختاری له باکووری ئیسپانیا، پێوه‌ندی کولتوری و بازرگانی تایبه‌ت به خۆیان له‌گه‌ڵ که‌ته‌لۆنه‌کانی باشووری فه‌رانسه دامه‌زراند. نموونه‌ی به‌رچاوتر، دوای ئه‌وه‌ی که له سه‌رده‌می تۆنی بلێردا مافی خودموختاری ئیرله‌ندی باکوور به ره‌سمی ناسرا، به‌لفا‌ست وه‌کوو پایته‌ختی ئه‌و ویلایه‌ته‌ی به‌ریتانیا توانی پێوه‌ندی تایبه‌ت به خۆی له‌گه‌ڵ کۆماری ئێرله‌ندی باشوور دابمه‌زرێنێ، جیاواز له‌و پێوه‌ندییه ئاسایییه‌ی، که دوبلین و له‌نده‌ن پێکه‌وه هه‌یانبوو. ئێستا له سه‌ر باسی برێگزیت، ته‌نانه‌ت پێوه‌ندی نێوان ئه‌و دوو پارچه‌یه‌ی ئێرله‌ند (که یه‌کیان وڵاتێکی سه‌ربه‌خۆیه و ئه‌وی دیکه‌یان خودموختارییه) وه‌کوو ده‌ربازگه‌یه‌ک بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌ی به‌ریتانیا و یه‌کێتی ئه‌وروپاش ته‌ماشای ده‌کرێ. هه‌وڵده‌درێ سنووری نێوان ئه‌و دوو پارچه‌یه وه‌کوو سنوورێکی نه‌رم و جیاواز له باقی سنووره‌کان له نێوان به‌ریتانیا و ئه‌وروپا له قۆناغی دوای برێگزیت بمێنێته‌وه. به‌و چه‌شنه پێوه‌ندیانه، که له ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی پێوه‌ندی ئاسایی و دیپلۆماسی وڵاتانی سه‌ربه‌خۆیه و پێوه‌ندی تایبه‌تی پێکهاته سیاسی و کولتورییه‌کانی دراوسێی یه‌کتر له دوو وڵاتانی جیاواز ده‌گرێته‌وه ده‌گوترێ پارادیپلۆماسی.
ئێستا با بزانین شانسی ده‌ستپێکردنی پارادیپلۆماسی بۆ کورد چه‌نده شانسێکی به هێزه. پێشمه‌رجی ئه‌م ده‌سپێکه، به فه‌رمی ناسینی حکومه‌تی خۆبه‌ڕێو‌به‌ری رۆژئاوای کوردستان له لایه‌ن حکوومه‌تی سووریا و کۆمه‌ڵگه‌ی نێونه‌ته‌وه‌ییه. هه‌رچه‌نده تاکوو ئێستا له لایه‌ن دیمشقه‌وه سیستمێکی لامه‌رکه‌زی دانی پێدانه‌هێنراوه، به‌ڵام وێناچێ سووریا تازه ببێته‌وه ئه‌و ده‌سه‌ڵاته به‌هێزه‌ی 'کۆماری عه‌ره‌بی سووریا'ی پێش راپه‌ڕینی 2011. کوردی رۆژئاوا ئه‌زموونێکی سه‌رکه‌وتوویان له خه‌بات به دژی داعش و هه‌روه‌ها له به‌ڕێو‌به‌ریه‌کی قابلی قبووڵ له خۆیان نیشان داوه. واته جیا له‌وه‌ی، که توانیویانه نزیکی به یه‌ک له سه‌ر سێی خاکی سووریا له ژێر کۆنترۆڵی خۆیان بگرن، هاوکات شێوازێکی به‌ڕێوه‌بردنی باشتر له دیمه‌شق و ئیدلیبیان له خۆیان نیشان داوه، که ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌سه‌د و ئۆپۆزیسیون دان، دوای خۆڕاگری کۆبانێ توانیتان زۆر ناوچه‌ی وه‌کوو گرێ سپی و منبج و ره‌ققه‌ش که کورد تێ‌یان دا زۆرینه نیه ئیداره بکه‌ن به بێ ئه‌وه‌ی، که باقی پێکهاته غه‌یره کورده‌کان ناڕه‌زایه‌تی له خۆیان نیشان بده‌ن. واته بۆ سووریای داهاتوو و بۆ قۆناغی دوای داعش زۆر زه‌حمه‌ته دیمه‌شق یا تاران و ئه‌نقه‌ره بتوانن پێشی دابه‌ش بوونی ده‌سه‌ڵاتی دیمه‌شق و پێکهاتنی ده‌سه‌ڵاتێکی خۆجێیی کوردی بگرن.
سێ مانگ له‌مه‌وبه‌ر که تره‌مپ رایگه‌یاند، سه‌ربازه ئه‌مه‌ریکییه‌کان سووریا به جێده‌هێڵن به دژکرده‌وه‌کانڕا بۆ هه‌موو که‌س ده‌رکه‌وت، که بیروڕای گشتی جیهان و وڵاته ئه‌وروپییه‌کان به تایبه‌تی فه‌ره‌نسا چه‌نده په‌رۆشی ئه‌گه‌ری رووخانی ئه‌زمونی رۆژئاوا بوون. که‌واته وێده‌چێ هێزی ده‌ره‌کیش به ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریکاشه‌وه پشتیوانی له سیستمی لامه‌رکه‌زی سووریا بکه‌ن و به زوو یا به دره‌نگ، له مانگه‌کانی داهاتوودا شاهیدی دامه‌زرانی دووهه‌مین کیانی سیاسی کوردی به فه‌رمی بین.
ده‌مێنێته‌وه، که داخوا عه‌قڵی سیاسی کورد له هه‌ر دوو دیوی سنووری باشوور و رۆژئاوا ئاماده‌یه بۆ قبوڵکردنی یه‌کتر و دامه‌زراندنی پێوه‌ندی پارادیپلۆماسی به شێوه‌یه‌ک، که جیا له په‌یوه‌ندییه‌کانی به‌غدا و دیمه‌شق، چۆنیه‌تی پێوه‌ندی سالمی سیاسی و ئابووری و کولتوری هه‌ولێر و قامیشلوو دیاری بکات. له شه‌ش ساڵی رابردوودا پێوه‌ندی ئه‌و دوو پارچه به‌رزی و نزمی و خۆشی و ناخۆشی زۆری به خۆیه‌وه بینیوه. له سنوور داخستنه‌وه بگره یا به هانای یه‌کتره‌وه چوون. ئێستاش، که به شێوه‌ی دی فاکتۆ، ئه‌م سنووره بووه‌ته ده‌روازه‌ی پێوه‌ندی وڵاتانی رۆژئاوایی به تایبه‌تی ئه‌مه‌ریکا به رۆژئاوای کوردستانه‌وه.
هه‌روه‌ها ده‌گوترێ باشووری کوردستان له رێگای تایبه‌تی نه‌وتی خۆیه‌وه، یارمه‌تی ئابووری بۆ رۆژئاوا ره‌خساندووه و ئه‌و هه‌له‌ی بۆ پێکهێناون که بۆ بژێوی ژیانی زیاتر له پێنج ملیۆن خه‌ڵکی نێشته‌جێی رۆژئاوا بتوانن نه‌وتی خۆیان هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه بکه‌ن، به بێ منه‌تی دیمه‌شق. کافیه ئه‌وه‌نده‌یان دووربینی هه‌بێ، که ئه‌و په‌یوه‌ندییه له درێژخایه‌ندا چه‌نده به سوودی خۆیان و به گشتی به سوودی کورد له هه‌ر چوارپارچه‌دا ده‌بێ، ئینجا به ته‌واوی تواناوه کار بۆ ئه‌وه بکه‌ن، که ئه‌و پێوه‌ندییه پڕ هه‌وراز و نشێوه به ته‌واوی هه‌موار بکه‌ن و دوو وڵاتی عێراق و سووریا و هه‌روه‌ها باقی وڵاتانی ناوچه مه‌جبوور بکه‌ن به فه‌رمی دان به پارادیپلۆماسی کورد دا بهێنن. پێویسته باشووری کوردستان به پێشوازی دامه‌زراندنی دووهه‌م کیانی سیاسی کورده‌وه بچێ و رۆژئاواش له ده‌رفه‌ته‌کان و ئیمکاناتی باشوور، که زیاتر له پازده ساڵه وه‌کوو هه‌رێمێکی نیوه سه‌ربه‌خۆ به ره‌سمی ناسراوه و ده‌ست و پێوه‌ندی و دیپلۆماسی به‌هێزی هه‌یه ئه‌وپه‌ڕی که‌ڵکی خۆی وه‌رگرێ. له قۆناغی یه‌که‌مدا ده‌بێت ناخۆشییه‌کان و گرژییه‌کانی رابردوو به رابردوو بسپێردرێ و لاپه‌ڕه‌یه‌کی نوێ له پێوه‌ندی نێوان کورد و کورد هه‌ڵبدرێته‌وه له رێگای پارادیپلۆماسییه‌وه.