منداڵێكی 9 ساڵە لە بێخاڵ خنكا

لەگەڵ خێزانەكەی بۆ گەشتوگوزار چوو بوونە ئەو ناوچەیە

K24 - رواندز

ئەمڕۆ منداڵێكی تەمەن 9 ساڵ، لە ھەوینەھەواری بێخاڵى سنووری قەزای رواندز، كەوتە نێو ئاو و خنكا.

بنكەی بەرگری شارستانی رواندز لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرای كرد: "كاتژمێر 10ی سەر لە بەیانی ئەمڕۆ یەكشەمە 30/6/2019 منداڵێكی تەمەن 9 ساڵە بەناوی روقیا حوسێن عەلی كە كوردی شەبەكە و دانیشتووی شارۆچكەی بەرتللەی سەر بە پارێزگای مووسڵە کەوتە ناو تاڤگه‌ى بێخاڵ و خنکا".

ئاماژە بەوەشكراوە: "بە مەبەستی دۆزینەوەی تەرمەکەی تیمەکانمان لەگەڕان و پشکنین و بە دواداچوون بە درێژایی رووبارى بێخاڵ بەردەوامن".

زیاتر روونكراوه‌ته‌وه‌ "ئەو منداڵە لەگەڵ خێزانەکەی بە مەبەستی گەشت و سەیران، سەردانی هاوینەواری بێخاڵیان کردبوو".

بەپێی ئاماری بنكەی بەرگری شارستانی رواندز، لەماوەی ئەم مانگەدا 7 کەس لە رووبار و سەروچاوە ئاوییەکانی ناوچەكە خنکاون.

ھ.م