گەنجێك لە دەریاچەی دوكان خنكا
K24 - دوكان
ئاراس ئەمین، پەیامنێری كوردستان24 رایگەیاند: "كەمێك پێش ئێستا گەنجێك كە بەمەستی گەشتكردن ھاتبووە دوكان، لە دەریاچەی دوكان خنكا".
لەبارەی رووداوەكە سیروان سەرحەد، قایمقامی قەزای دوكان بە كوردستان24ی راگەیاند: "ئەو گەنجەی خنكاوە تەمەنی 22 ساڵە بە رەگەز عەرەبە و خەڵكی پارێزگای دیالە".
ئاماژەی بەوەشدا ئەو شوێنەی ئەو گەنجە لێی خنكاوە پێی دەگوترێت بەری ساردكە، پێشتریش چەند رووداوێكی ھاوشێوەی لێ رووداوە و پەرژین كراوە بۆ ئەوەی گەشتیار بۆی نەچن".
قایمقامی دوكان، راشیگەیاند: "بەپێی ئەو زانیاریانەی لەلایەن پۆلیس پێماندراوە، ئەو گەنجە نەخۆشی شێرپەنجەی ھەبووە و لە نەخۆشخانەی ھیوا لە سلێمانی چارەسەری پێدراوە، بۆ گەشتكردن ھاتووەتە دوكان و لەناو ئاوەكەدا خنكاوە".
گوتیشی: "پێشتر وەك ئامادەكاری بۆ پێشوازیكردن لە گەشتیاران لە رۆژانی جەژن، كۆمەڵێك رێنماییمان لە وەزارەتی ناوخۆ و پارێزگای سلێمانی پێگەیشتووە، ئێمەش لەگەڵ خاوەن پڕۆژەكانی گەشتیاری كۆبووینەوە و رێنماییەكانمان پێداون، كە بریتین لە سەلامەتی و نرخ و پاك و خاوێنی، لە چەندین شوێن نووسراوە مەلە كردن قەدەغەیە".
ھ.م

