شاره‌زایان: ئابووری توركیا رووی له‌ داڕمانه‌

كەموكوڕییەكانی ئابووری توركیا رۆژ بە رۆژ زیاتر دەردەكەون
kurdistan24.net

K24 – هه‌ولێر:

كەموكوڕییەكانی ئابووری توركیا رۆژ بە رۆژ زیاتر دەردەكەون و بە گوتەی شارەزایانی ئابووری توركیا قەبارەی ئابووری وڵاتەكەیان تا دێت بچوكتر دەبێته‌وه‌، ھۆكارەكەشی دەگەڕێننەوە بۆ دابەزینی نرخی بەرھەمەكانیان. پسپۆڕانی ئابووری داوا دەكەن بانكی ناوەندی توركیا رێژەی سووی بانكی كه‌م بكاتەوە.

بەگوێرەی رۆژنامەی ئەحوال لە توركیا، وەزارەتی خەزێنە و دارایی توركیا ھەفتەی رابردوو كەموكووڕییەكانی ئابووری توركیا ئاشكراكردووە كە خۆی لە داكەوتنی دراوی نیشتمانی و تێكچوونی پێنوێنییە ئابوورییەكان دەگرێتەوە.

وەزارەتەكه‌ ئاشكرایكرد، كۆی بەرھەمی ناوخۆ بۆ ھەر تاكێكی توركیا گەیشتووەتە 9 ھەزار و 62 دۆلار ، كە بەبەراورد بە وڵاتانی دیكەی ئەوروپی زۆر كەمترە.

سەبارەت بە تێكڕای بێكاری لە مانگی ئایاردا گەیشتووەتە %12.8، ئەوەش بەبەرزترین ئاستی دادەنرێت كه‌ له‌ ساڵی 2002 ـەوە تا ئێستا تۆمار كرابێت.

بەگوێرەی نوێترین ئامارەكان ئێستا نزیكەی نیوەی هێزی كاری توركیا بێكارن. ئەمە لەكاتێكدایە ئێستا توركیا شەشەم بەرزترین تێكڕای ھەڵاوسانی ھەیە لە جیھاندا.