حكوومه‌تی هه‌رێم بودجه‌ بۆ 5 پرۆژه‌ی گرنگی رێگاوبانی راپه‌ڕین ته‌رخان ده‌كات

له‌ماوه‌ی دیاریكراودا پرۆژه‌كان ته‌واو ده‌كرێن

K24 - راپه‌ڕین:

سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران بودجە بۆ پێنج پڕۆژەی گرنگ لەبواری ڕێگاوبان لە سنووری ئیدارەی راپەڕین تەرخان دەکات و بەڕێوبەرایەتی چاککردنەوە و پاراستنی رێگاوبانی راپەڕین، ده‌ستپێكردنی پێنج پرۆژه‌كانی راگەیاند.

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌نراوی بەڕێوەبەرایەتی ناوبراو، سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران لە رێگه‌ی تەرخانکردنی بودجە بۆ وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن، لەسنووری ئیدارەی ڕاپەڕینیش پێنج پڕۆژەی رێگه‌وبان، کەوتنەبواری جێبەجێکردن، ئه‌وانیش بریتین له‌ نۆژەنکردنەوەی رێگه‌كانی سەروچاوە – بالیسان، دوکان - چوارقوڕنە،  رانیە - دەربەندی رانیە، چاککردنی رێگه‌ی کورتەك و ئیشکەڕۆ لە بناری قەندیل و چاککردن و پاراستنی پردەکانی (سەنگەسەر و ژاراوە) کە بەھۆی لافاوی ساڵی رابردوو زیانیان بەرکەوتبوو.

سەرجەم پڕۆژەکان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی رێگاوبانی راپەڕینەوە  سەرپەرشتی دەکرێن و هەوڵدەدرێت لە ماوەی دیاریکراوی خۆیاندا پڕۆژەکان، تەواوبکرێن.

ئ. م