سامر غه‌زبان ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌ی شاندی هه‌رێم و حكوومه‌تی به‌غدا ئاشكرا ده‌كات
K24- به‌غدا:
سامر غه‌زبان، جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بۆ كاروباری وزه و هاوكات وه‌زیری نه‌وت ئاشكرایكرد، له گفتوگۆكانی نێوان شاندی هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی به‌غدا جه‌خت له‌سه‌ر دوو خاڵ كرایه‌وه.
غه‌زبان گوتیشی: له كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌و شانده‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه شه‌وی رابردوو سه‌ردانی به‌غدایان كرد له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی ناوه‌ندی، دوو خاڵی سه‌ره‌كی تاوتوێ كران، كه یه‌كه‌میان تایبه‌ت بوو به راده‌ستكردنی بڕی نه‌وتی دیاریكراوی هه‌رێم به كۆمپانیای سۆمۆ و گه‌ڕانه‌وه‌ی داهاته‌كه‌ی بۆ خه‌زێنه‌ی ده‌وڵه‌ت.
له باره‌ی خاڵی دووه‌میش جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق گوتی: خاڵی دووه‌م تایبه‌ته به لایه‌نی دارایی، له‌وانه‌ش ره‌وانه‌كردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم و شایسته داراییه‌كانی دیكه.
ئاشكراشیكرد، "بۆ كۆتاییهێنان به پرسه‌كان و چاره‌سه‌ركردنی كۆتاییان، بڕیاره سبه‌ی شاندێكی دیكه‌ی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی به‌غدا بكات".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "كه‌شی گفتوگۆكان له‌گه‌ڵ شاندی هه‌رێم باش و ئه‌رێنی بوو و حكوومه‌تی هه‌رێم به به‌غدای راگه‌یاندووه، ئه‌وان بۆ مه‌به‌ستی زیادكردنی داهاتی دارایی بۆ وڵات ئه‌و سه‌ردانه‌یان كردووه، ئه‌مه‌ش له رێگه‌ی زیادكردنی ئاستی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش حكوومه‌تی هه‌رێم به‌غدای سه‌رپشك كردووه".
H.B