ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران بەرز دەبێتەوە

"ئاڵووگۆڕی بازرگانی لە 6 بۆ 8 ملیار دۆلار ساڵانە بەرزبووەتەوە"
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

بەھۆی ئاڵۆزی بارودۆخی ئەمنی و سیاسی عێراقەوە، جوڵەی بازرگانی نێوان ئێران و ھەرێمی کوردستان زیادیکردووە و ئێستا بارزگانان لە بری ئاڵوگۆڕی بارزگانی لەگەڵ عێراق لە ھەرێمی کوردستانەوە کاڵاکانیان ھاوردە دەکەن. یەکێتی ھاوردە و ناردنکارانیش دەڵێن بڕ و ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ئێران و ھەرێمی کوردستان زیادیکردووە.

خۆپیشاندان و ئاڵۆزییەکانی خوارو ناوەڕاستی عێراق، بووەتە مایەی خێر بۆ ھەرێمی کوردستان، چونکە ئێستا بازرگانەکانی وڵاتی ئێران، بەشێوەی ترانزێت کاڵاکانیان ھاوردەی ھەرێمی کوردستان دەکەن و لەوێشەوە بۆ شارەکانی دیکەی عێراق دەچێت، چونکە کۆمپانیا ئێرانییەکان پێشتر لە بەسڕەوە کاڵایان ھاوردە دەکرد، بەڵام ئێستا لە دەروازە سنوورییەکانی ھەرێمی کوردستانەوە ھاوردەی دەکەن، جێگری سەرۆکی یەکێتی ھاوردەو ناردنکارانی کوردستانیش دەڵێت، پێش ئەم بارودۆخە ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی ئێران و ھەرێمی کوردستان 6 ملیار دۆلار ساڵانە بوو، بەڵام ئێستا زیادیکردووە بۆ 8 ملیار دۆلار.

ئەم کارەی بارزگانانی ھەرێمی کوردستان چەندین سوودی ئابووری بۆ ھەرێمی کوردستان ھەیە، چونکە دەبێتە ھۆی زیاد بوونی داھات و رەخساندنی ھەلی کار، ئابووریناسێک دەڵێت، ھەرێم دەتوانێت سوود لەم دەرفەتە وەربگرێت و وەبەرھێن و بازرگانی زیاتر بۆ ھەرێمی کوردستان بھێنێت و دەشتوانێت، بۆ ئەم کارە ژمارەی خاڵە سنوورییەکانی ئێران و کوردستان زیاتر بکات.

بەگوێرەی ئامارێکی یەکێتی ھاوردەو ناردنکارانی کوردستان جوڵەی بازرگانی بە رێژەی لە 20% لە چاو چوار مانگی رابردوو لەنێوان ئێران و ھەرێمی کوردستان زیادیکردووە. بازرگانە عێراقیەکانیش ھەندێک کات لە دەروازە سنوورییەکانی ھەرێمی کوردستانەوە، بازرگانی لەگەڵ وڵاتی ئێران دەکەن کە ئەمەش داھاتێکی زیاتر بۆ ھەرێمی کوردستان بە دەست دەھێنێت.

ھ.م