سوپای سووریا نزیكه‌ی 60 گوند و شارۆچكه‌ی دیكه‌ی كۆنترۆڵ كرده‌وه‌

ته‌نیا 10 گوندی ماوه‌ حه‌ما به‌ ته‌واوی بگرێته‌وه‌

K24 – هه‌ولێر:

سوپای سووریا توانی له‌ ماوه‌ی چه‌ند رۆژی رابردوودا (59) گوند و شاره‌دێ و ناوچه‌ی ده‌وروبه‌ری ئیدلب و حه‌ما كۆنترۆڵ بكاته‌وه‌ و ته‌نیا (10) گوندی دیكه‌ی ماوه‌ كۆنترۆڵیان بكات بۆ ئه‌وه‌ی به‌ ته‌واوی پارێزگای حه‌ما بخاته‌وه‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆی.

ئاژانسی هه‌واڵده‌ری سانای ره‌سمی سووریا بڵاویكرده‌وه‌، هێزه‌كانی سوپای سووریا سه‌رقاڵی راوه‌دوونانی گرووپ و میلیشیا به‌رهه‌ڵستكاره‌كانن به‌ره‌و ئاراسته‌ی كه‌نسفره‌ و ته‌نیا 10 گوند ماوون له‌ سنووری پارێزگای حه‌ما كۆنترۆڵ بكرێنه‌وه‌.

روانگه‌ی سووریا بۆ مافه‌كانی مرۆڤ له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌ پێشڕه‌وییه‌كانی سوپای سووریا داوه‌ و رایگه‌یاند، سوپای سووریا له‌ كۆنترۆڵكردنی یه‌كجاره‌كی پارێزگای حه‌ما نزیك بووه‌ته‌وه‌.