پزیشکێکی کورد ھەوڵی دۆزینەوەی چارەسەری كۆرۆنا دەدات

بۆ ئەم مەبەستە لە بەریتانیاوە گەڕاوەتەوە كوردستان
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

پزیشکێکی کورد، كە چەند ساڵێکە لە وڵاتی بەریتانیا کار دەکات ماوەی مانگێکە گەڕاوەتەوە ھەرێمی کوردستان و بە خۆبەخشی لە نەخۆشخانەیەک کار دەکات، کە تایبەت کراوە بە رووبەڕووبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئەو پزیشکە لەپاڵ پیشەکەی خۆیدا ھەوڵ بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک دەدات بۆ  بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا.

دکتۆر زانا حەمید، خاوەنی سێ بڕوانامەی پزیشکیە نزیکەی 12 ساڵە لە وڵاتی بەریتانیا کار دەکات، پزیشکی ڤێرتەرنەریە ئێستا لە پارێزگای سلێمانییە، ئەو  بۆ ھاوکاریکردنی حکومەت و رووبەڕووبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بڕیاری گەڕانەوە بۆ ھەرێمی کوردستان دەدات و ئێستا خۆبەخشانە کاردەکات.

دکتۆر زانا، لە ساڵی 2008ەوە کار لەسەر ڤایرۆسی کۆرۆنای مریشک دەکات، ھەر لەگەڵ گەڕانەوەیدا لەگەڵ پزیشکێکی ھاوڕێی بیرۆکەی تایبەت کردنی نەخۆشخانەی دڵی سلیمانی بە چارەسەرکردنی کۆرۆنا لا دروست دەبێت و لەگەڵ بەرپرسانی تەندروستی سلێمانی تاوتوێی دەکات و دواجار بڕیار دەدرێت جێبەجێ بکرێت. ئێستا لەگەڵ ھاوڕێکانی شەو رۆژیان خستووەتە سەر یەک بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەکە، لە نەخۆشخانەکە سامپڵ لەو کەسانە وەردەگرن کە گومان دەکرێت ھەڵگری ڤایرۆسەکە بن و دواتر ئەگەر پێویستی کرد لە نەخۆشخانە دەخرێنە ژێر چاودێری پزیشكی.

دکتۆر زانا، لە پاڵ پیشەکەی خۆشیدا ھەوڵدەدات کە چارەسەرێک بۆ ڤایرۆسەکە بدۆزێتەوە، بەڵام وەک خۆی دەڵێت بۆ گەشتن بە ئامانجەکەی پێویستی بە ھاوکاری حکومەت و وەزارەتی تەندروستی ھەیە، ئومێدەواریشە لە ئایندەیەکی نزیکدا بەو خەونەی بگات و ئاسۆیەکی چارەسەر بۆ ئەو ڤایرۆسە بدۆزێتەوە کە ئێستا سەرجەم گەلانی جیھانی بە خۆیەوە سەرقاڵ کردووە. دكتۆر زانا و سەرجەم پسۆڕانی تەندروستی رێنمایی ئەوە بە ھاووڵاتییان دەدەن، کە پێویست ناکات ترسێکی زۆریان ھەبێت، چونکە خۆشبەختانە تائێستا ھیچ حاڵەتێکی تووش بوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ھەرێمی کوردستان تۆمار نەکراوەو ئەو رێکارو پشکنیانەی لە وڵاتانی جیھان دەکرێت، لە ھەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی چڕترو باشتریش ئەنجامدەدرێت.