ئاماری كۆرۆنا لە ئیتاڵیا روو لە دابەزینە

ئیتاڵیا.. 542 كەسی دیكە بەهۆی كۆرۆنا گیانیان لەدەستدا

K24- هەولێر:

دەسەڵاتدارانی تەندروستی ئیتاڵیا رایانگەیاند، لە ماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا 542 كەسی دیكە بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە، بەمەش ئاماری مردن بەهۆی ئەو ڤایرۆسە لەو وڵاتە رووی لە داكشان كردووە.

ئەنجیلۆ بۆریلی، بەڕێوەبەری نووسینگەی پاراستنی شارستانی ئیتاڵیا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە شەو و رۆژێكد 542 كەس بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە وڵاتەكەیان گیانیان لەدەستداوە، ئەم ژمارەیەش ئاماژەیە بۆ داكشانی ئامارەكانی كۆرۆنا بە بەراورد لەگەڵ رۆژانی رابردوو، بە تایبەت كە دوێنێ 604 كەس بەهۆی پەتاكەوە گیانیان لەدەستدابوو.

وەك راشیگەیاند، تا ئێستا 17 هەزار و 669 كەس بەهۆی ئەو پەتایە لە ئیتاڵیا گیانیان لەدەستداوە.

بۆریلی گوتی: لە 24 كاتژمێری رابردوودا 3 هەزار و 836 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە پەتاكە لە وڵاتەكەیان تۆماركراون، بەمەش تا ئێستا كۆی ئەوانەی لە ئیتاڵیا تووشی پەتاكە بوونە، ژمارەیان بوو بە 135 هەزار و 586 حاڵەت.

ئەمە لەكاتێكدایە، ئیتاڵیا دەكەوێتە ریزبەندی یەكەمی ئەو وڵاتانەی زۆرترین ژمارەی مردن بەهۆی كۆرۆنا لێی تۆماركراون، لەكاتێكدا بە سێیەم وڵات لەرووی ژمارەی تووشبوون بە پەتاكە هەژمار دەكرێت.

 H.B