لیژنەکانی چاودێری بازاڕ کارەکانیان چڕتر دەکەنەوە

داوا لە هاووڵاتییان دەکەن پابەندی رێنماییەکان بن
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

لەگەڵ كردنەوەی بازاڕەكان، لیژنەكانی چاودێری بازاڕ لە پارێزگاكانی كوردستان، چاوێری بازاڕ دەكەن و لیژنە ھاوبەشەكانی قایمقامیەتی سلێمانی چاودێری دۆخی بازاڕ دەكەن، بۆ ئەوەی دوكاندران و ھاووڵاتییان پابەندی رێنماییە تەندروستییەكان بن و لەبەردەم دوكانەكان قەرەباڵغی دروست نەكەن.

ئەندامێكی لیژنەی چاودێری بازاڕ دەڵێ "پشكنین بۆ خواردەمەنییەكان دەكرێت، ھەر دوكاندارێك خواردەمەنی ماوە بەسەرچوو بفرۆشێت، سزا دەدرێت و دوكانەكەشی دادەخرێت".

لیژنەكان چاودێری وردی دۆخی ناو بازاڕ دەکەن و ھەموو شوێنێک دەگەڕێن، بە تایبەت ئەو شوێنانەی خواردەمەنی دەفرۆشن و لە مانگی رەمەزاندا خواستی زۆری لەسەرە، لیژنە ھاوبەشەکان دەیانەوێت زیاتر ھاووڵاتییان پابەند بن بە ڕێنماییە تەندروستیەکان، چونکە یەکێک لە مەرجەکانی کردنەوەی ئەو شوێنانە دروست نەکردنی قەرەباڵغیە. وەک ئەندامێکی لیژنە ھاوبەشەکان دەڵێت، لەگەڵ ئەوەی کە رێنمایی دەدەن بە ھاووڵاتییان ھەرشوێنێکیش پابەند نەبێت سزای توندی دەدەن.

بەشێک لە فرۆشیارانیش لە روانگەی ھەست کردن بە بەرپرسیارێتیەوە پابەندی رێنماییەکانن، وەک فرۆشیارێك دەڵێ، دوری نێوان کڕیارەکانی دەپارێزێت و ئەگەر ھاووڵاتییان لەبەردەم دوکانەکەی قەرەباڵغی دروست بکەن، ھیچیان پێنافرۆشێت.

بەھۆی ھاتنی مانگی رەمەزان و ئاسانکاری بۆ ھاووڵاتییان، لیژنەی ئۆپەراسیۆنەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە پارێزگای سلێمانی بە چەند قۆناغێک ژیانی ئاسایی کردەوە، بەڵام بەچەند مەرجێک چونکە وەک بەرپرسانی تەندروستی دەڵێن، ئاسانکارییەکان بە مانای کۆتایی ھاتنی مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا نییە لە كوردستان و دەبێت ھاووڵاتییان پابەندی رێنماییە تەندروستییەكان بن.