مه‌سعود حه‌یده‌ر: كورد هه‌رگیز رازی نابێت له عێراقدا هاووڵاتی پله دوو بێت
K24 – هه‌ولێر:
مه‌سعود حه‌یده‌ر، په‌رله‌مانتاری پێشووی عێراق، له میانی به‌شداریكردنی له ژووری هه‌واڵی كوردستان24، رایگه‌یاند، بڕینی مووچه‌ی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان تۆڵه‌ی سیاسییه. كورد جارێكی دیكه رازی نابێت له عێراقدا هاووڵاتی پله دوو بێت و لایه‌نه عێراقییه‌كان هیچ رێزێك له ده‌ستوور و یاسای وڵاته‌كه‌یان ناگرن.
مه‌سعود حه‌یده‌ر، كه له نزیكه‌وه ئاگاداری رێككه‌وتنی پاری نێوان هه‌ولێر و به‌غدا بوو و خۆی ئه‌ندامی شاندی دانووستانكاری هه‌رێمی كوردستان بوو، ورده‌كاری ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی ساڵی رابردووی خسته‌وه‌ڕوو و گوتی: "له باره‌ی مووچه‌وه، راستییه‌ك هه‌یه، هه‌موو مووچه خۆرێك، به پێی یاسا مافێكی شه‌رعی، قانوونی، مرۆڤانه‌ی هه‌یه، مووچه وه‌ربگرێت. له باره‌ی مووچه‌ی 2019 ه‌وه، من خۆم یه‌كێك بووم له دانووستانكاره‌كان و ئه‌و كاته په‌یامی سه‌رۆك بارزانی و سه‌رۆكی ئه‌و كاتی حكومه‌تی هه‌رێم كاك نێچیرڤان بارزانی و كاك مه‌سرور بارزانیمان گه‌یانده لایه‌نه عێراقییه‌كان و په‌یامه‌كه ئه‌وه بوو، كه ده‌مانه‌وێت كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێن و مووچه ده‌سته‌به‌ر بكرێت و دووربخرێته‌وه له ململانێی سیاسی. به گوێره‌ی رێككه‌وتنه‌كه بڕیار بوو 2019 بكرێته قۆناغێكی راگوزه‌ر. بۆیه هه‌رێمی كوردستان له 2019 یه‌ك به‌رمیل نه‌وت راده‌ست ناكات. له كۆتایی 2019 كه حكومه‌تی كاك مه‌سرور بارزانی پێكده‌هێنرێت، رێككه‌وتنێكی گشتگیر له‌سه‌ر نه‌وت و دارایی ده‌كرێت. ئه‌وه‌شمان كرد، به هه‌وڵ و تێكۆشانی هه‌موو لایه‌نه كوردییه‌كان و ده‌قی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران له یاسای بودجه‌دا به جۆرێك داڕێژراوه، كه هیچ بیانوویه‌كی یاسایی نه‌بێت، مووچه ببڕێت".
گوتیشی: "له كۆتایی 2019دا كاك مه‌سرور بارزانی ئه‌و به‌ڵێنه‌ی دابوو، جێبه‌جێی كرد. رێككه‌وتنی كرد، له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عادل عه‌بدولمه‌هدی، به‌ڵام ئه‌وان پاشگه‌ز بوونه‌وه. هۆكاره‌كان بۆ پاشه‌گه‌زبوونه‌وه‌یان زۆرن. یه‌كێك له هۆكاره‌كان، قه‌یرانی دارایی جیهانه، كه ئابووری وڵاتانی زلهێز كه‌وتووه‌ته قه‌یرانه‌وه. ته‌نانه‌ت به‌ره‌و ئه‌وه ده‌چێت، عێراق خۆی له مانگی داهاتووه‌وه نه‌توانێت مووچه بدات. دووه‌م هۆكار، سیاسییه، چونكه لایه‌نه كوردییه‌كان ده‌نگیان به ده‌ركردنی هاوپه‌یمانان له عێراق نه‌دا، ئه‌مه ئه‌جێندایه‌كی هه‌رێمایه‌تییه. چونكه سیاسه‌تی هه‌رێمی كوردستان نه‌گونجاوه له‌گه‌ڵ ئه‌جێندای وڵاتێكی هه‌رێمایه‌تی، كه هه‌ژموونی له‌سه‌ر عێراق و لایه‌نه شیعییه‌كان هه‌یه. هۆكارێكی دیكه، ئه‌وه‌یه، له ئه‌نجامی ئه‌و گه‌مارۆ ئابوورییه‌ی له‌سه‌ر ئێران هه‌یه، عێراق جێگره‌وه بۆ كاره‌با و غازی سرووشتی بدۆزێته‌وه، كه له ئێرانه‌وه هاورده ده‌كرێت، باشترین جێگره‌وه‌ش، هه‌رێمی كوردستانه، كه هه‌م غاز و هه‌میش كاره‌با ده‌توانێت بفرۆشێته‌وه به عێراق. بێگومان هۆكاری ناوخۆییش هه‌یه، به‌شێك له لایه‌نه شیعییه‌كان، كه ململانێی سیاسیان له‌گه‌ڵ هه‌رێم هه‌یه، وه‌ك تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه، ئه‌م خراپبوونی ره‌وشی ئابووری هه‌رێم به ده‌رفه‌ت ئه‌زانن".
مه‌سعود حه‌یده‌ر، له وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی "به‌ڕێوبه‌رێكی گشتی چۆن ده‌توانێت بڕیاری سه‌رۆك وه‌زیران رابگرێت؟" گوتی: "په‌یوه‌ندی به ململانێ سیاسییه‌كانی ناوخۆی عێراقه‌وه هه‌یه. بۆ نموونه جاری پێشووتر به‌ڕێوبه‌رێكی گشتی له وه‌زاره‌تی دارایی كێشه‌ی درووست كردبوو، سه‌ر به سه‌درییه‌كان بوو. ئێستاش وه‌ك تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌یه‌ك ئه‌و كارانه ده‌كه‌ن. كێشه‌كه سیاسییه. له عێراقدا رێز له ده‌ستوور و قانوون ناگیرێت. زۆرجار به خواستی خۆیان زیاده‌ڕۆیی ده‌كه‌ن. به هه‌ڵاواردن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ده‌ستووری عێراقدا ده‌كه‌ن".
ئه‌و دانووستانكاره‌ی پێشووی هه‌رێم ئاشكراشیكرد، شیعه‌كان بڕوایان به فیدراڵی نه‌ماوه و له‌و باره‌یه‌وه گوتی: "ئه‌وه‌ی هه‌ستمان پێكردووه، شیعه بڕوای به سیستمی فیدراڵی نه‌ماوه. هه‌نگاوی یه‌كه‌می ئه‌و ئاراسته‌یه‌یان، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان بوو. ئه‌وان بڕوایان وایه ده‌بێت ده‌وڵه‌تێكی مه‌ركه‌زی درووست بكرێت. ئه‌و ده‌وڵه‌ته مه‌ركه‌زییه به ته‌واوی له لایه‌ن ئێرانه‌وه كۆنترۆڵ كرابێت. چونكه شیعه له په‌رله‌مان و حكومه‌تدا زۆرینه‌ن. بۆ ئه‌وه‌ی به ئاسانی كۆنترۆڵی هه‌موو عێراق بكه‌ن، سیاسه‌تی ئابووری، نه‌وتی، ئه‌منی، دارایی و په‌یوه‌ندی ده‌ره‌وه به ده‌ستی ئێرانه‌وه بێت. باشترین نموونه‌ش پرسی ده‌نگ نه‌دانی كورد و سوننه‌یه به ده‌ركردنی هاوپه‌یمانان له عێراق. ئێران له رێگه‌ی هاوپه‌یمانه شیعه‌كانی زۆر هه‌وڵده‌دات ئه‌م ئه‌جێندایه جێبه‌جێ بكات و عێراق ببێته شوێنكه‌وته‌ی ویلایه‌تی فه‌قیهـ".
مه‌سعود حه‌یده‌ر نه‌یشارده‌وه، كه هه‌ندێكجار بیر له‌وه ده‌كاته‌وه، ره‌نگه راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ ئێران دانووستان بكرێت و له‌و باره‌یه‌وه گوتی: "هه‌ندێكجار ده‌كرێت بڵێین زۆر باشتره بۆ كورد له جیاتی له‌گه‌ڵ لایه‌نگرانی ئێران مامه‌ڵه بكات، ره‌نگه باشتر بێت له‌گه‌ڵ ئێران راسته‌وخۆ مامه‌ڵه بكات. زۆر جار له‌گه‌ڵ كوتله شیعییه‌كان رێككه‌وتن ده‌كرێت و به دڵی ئێرانییه‌كان نییه، دێن تێكی ده‌ده‌ن. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئێمه به‌شێكین له عێراق، ئابووریمان ئابوورییه‌كی كامڵه و سیاسه‌تی نه‌ختینه له به‌غداوه دیاری ده‌كرێت و ئێستاش رێگه هه‌یه بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشانه".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "له درووستبوونی ده‌وڵه‌تی عێراقه‌وه زۆر هه‌وڵدراوه كورد له‌ناو به‌رن و جوگرافیا بگۆڕن و هه‌مووی شكستی هێناوه. خه‌ڵكێك هه‌یه له عێراقدا تێگه‌یشتنی بۆ ئه‌و پرسه هه‌یه. ئه‌گه‌ر ئێمه بتوانین سێ پرسی سه‌ره‌كی جێناكۆكی نێوانمان چاره‌سه‌ر بكه‌ین، كه یه‌كێكیان پرسی ئابوورییه و دووه‌میان ناوچه دابڕاوه‌كانه و سێیه‌میان پرسی پێشمه‌رگه‌یه، له‌گه‌ڵ عێراق بكه‌وینه دانووستان له سه‌ری، به‌ڵام به هاوبه‌شی و سه‌رپه‌رشتی نوێنه‌ری نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له عێراق ره‌نگه بتوانین بگه‌ینه چاره‌سه‌ر. ئه‌گه‌ر كورد شه‌ریكی راسته‌قینه نه‌بێت، ئه‌سته‌مه عێراق سه‌قامگیر بێت. كورد هه‌رگیز جارێكی دیكه رازی نییه له عێراقدا وه‌ك هاووڵاتی پله دوو بژیت. مومكین نییه له وڵاتێكدا بژین و بگه‌ڕێینه‌وه بۆ سه‌رده‌می رژێمه‌كانی پێشوو و هه‌ندێك كه‌سی عه‌ره‌بی بێن و ببنه پارێزگاری پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان".