نرخی نەوت زیاتر بەرزبووەوە

نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بۆ سەرووی 43 دۆلار بەرزبووەوە

K24 - ھەولێر

بە کاریگەری رێککەوتنی ئۆپێک پڵەس بە کەمکردنەوی نۆ ملیۆن و 700 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە تاوەکو کۆتایی مانگی تەموز، نرخی نەوت لە مامەڵەکانی یەکەم رۆژی هەفتەدا بە بەرزبوونەوە دەستیپێکرد. هەروەها بە گوێرەی نوێترین داتاکان، هاوردەی چین لە نەوتی خاو بۆ بەرزترین ئاستی خۆی بەرزبووەتەوە.

نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بە رێژەی لە 2.1% بۆ 43 دۆلار و 19 سەنت بەرزبوونەوەی تۆمارکرد، هەروەها بەرمیلێک نەوتی سووکی تێکساسیش بە رێژەی 1.6% بۆ 40.17 دۆلار بەرزبووەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە لەگەڵ دەستپێکردنی رێککەوتنی ئۆپێک نرخی نەوتی خاوی برێنت بۆ دوو هێندە زیادیکردووە.

هاولی شارەزای ئابووری لە بانکی ئۆ سی بی سی رایگەیاند "کۆتا رێککەوتنی ئۆپێک پڵەس بە کەمکردنەوە 10% ئاستی بەرهەمهێنانی جیهان، نەیتوانی وەک پێویست گەشبینی لە بازاڕ دروستبکات و متمانەی وەبەرهێنەران بگەڕێنێتەوە.

هەروەها کەمی نرخ وایکرد چینیەکان هاوردەیان بۆ ئاستی پێوانەیی بەرزبکەنەوە، بە جۆرێک هاوردەی چین بۆ 11 ملیۆن 300 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە لە مانگی ئایاردا بەرزبووەتەوە، کە ئەوەش بەرزترین ئاستە لە مێژوویدا.