وردەکاریی دەستپێکردنەوەی دەوامی فەرمانگەکانی حکومەت

kurdistan24.net

K24 - هەولێر

سبەی دوامی فەرمانگەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە و، دەبێت فەرمانبەر و ھاووڵاتییان پابەندی رێکارە تەندروستییەکان بن، رێگەش نادرێت هیچ کەسێک بەبێ ماسک و دەستکێش بچێتە نێو فەرمانگەکان.

دوای کۆتايیھاتنی پشووی جەژنی رەمەزان و ئاساییکردنەوەی ژیان، دەوامی فەرمانگەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەڕەچاوکردنی رێکارە تەندروستییەکانی خۆپارێزی لە کۆرۆنا دەستپێدەکاتەوە.

جێگری پارێزگاری ھەولێر وردەکاریی دەستپێکردنەوەی دەوام دەخاتەڕوو و داواش دەکات فەرمانبەران و ھاووڵاتییان رێکارە تەندروستیەکان جێبەجێ بکەن.

ھێمن قادر، جێگری پارێزگاری ھەولێر دەڵێ: "بەپێی ئەو رێژەیەی پێویستە بۆ راییکردنی کاروباری هاووڵاتییان، دەبێت فەرمانبەران لە دەوام بن، بەڵام دەبێت رەچاوی رێکارەکانی خۆپارێزی بکەن، لەوانە بەکارهێنانی ماسک و لەیەکدی دوورکەوتنەوە".

نەریمان تاڵب، گوتەبێژی وەزارەتی داد باس لەوە دەکات: "ئەو وەزارەت و فەرمانگانەی زیاتر پەیوەستن بە خزمەتگوزاری، 50%ـی کارمەندەکانیان دەست بە کار دەکەنەوە، ئەوانەش کە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییان بۆ هاووڵاتییان کەمترە تاوەکو 25% فەرمانبەرانیان دەست بەکار دەکەنەوە بۆ ئەوەی قەرەباڵغی لەنێو هۆڵەکانی فەرمانگەکان دروستنەبێت".

ھۆکارەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا بریتین لە: دوورکەوتنەوە لە قەرباڵغی و بەریەککەوتن، بەستنی ماسک و لەدەستکردنی دەستکێش. لە فەرمانگەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئەم رێکارانە دەگیرێنەبەر و داواش لە ھاووڵاتییان دەکرێت بەبێ ماسک و دەستکێش نەچنە فەرمانگەکان و لەنێو فەرمانگەکانیش نێوانی ھاووڵاتییان لەگەڵ فەرمانبەران دوو مەتر بێت.

 

 

هـ.ر.