دانا عه‌بدولكه‌ریم: هاووڵاتیان دڵنیا ده‌كه‌مه‌وه ئه‌م كابینه‌یه چاكسازی ده‌كات
K24 – هه‌ولێر:
دانا عه‌بدولكه‌ریم، وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه و نیشته‌جێكردنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له میانی به‌شداریكردنی له "ژووری هه‌واڵ"ـی كوردستان24 رایگه‌یاند، له چوارچێوه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیراندا، ئه‌نجوومه‌نی چاكسازی پێكده‌هێنرێت. هاووڵاتیان دڵنیا ده‌كه‌مه‌وه، ئه‌م كابینه‌یه به شێوه‌یه‌كی درووست و به نیه‌تی ئیشكردن ده‌یه‌وێت چاكسازی بكات.
دانا عه‌بدولكه‌ریم گوتی: هه‌ندێك راستیی هه‌یه ده‌بێت باسیان بكه‌ین. بزانین بۆچی په‌نجه‌ی تۆمه‌ت بۆ حكومه‌ت راده‌كێشرێت. كابینه‌ی نۆیه‌م له‌سه‌ر پایه‌ی چاكسازی دامه‌زراوه. به‌و مانایه‌ی له رابردوودا خراپ به‌ڕێوبردن هه‌بووه له هه‌رێمی كوردستاندا. كابینه‌ی نۆیه‌م، بۆ ئه‌وه دروست بووه چاكسازی بكرێت. له‌سه‌ر رێگه‌یه‌كی راست دامه‌زراوه‌كانی ببات به‌ڕێوه. له دوای درووستكردنی كابینه‌ی نۆیه‌م، دوای ئه‌وه‌ی هێڵه گشتییه‌كانی كارنامه‌ی حكومه‌ت، له په‌رله‌مان سه‌رۆكی حكومه‌ت پێشكه‌شیكرد، ده‌ركه‌وت، كاری سه‌ره‌كی ئه‌م كابینه‌یه چاكسازییه. ئه‌وه‌ش به شه‌و و رۆژێك ناكرێت و پێویستی به كاته.
گوتیشی: له كۆتایی ساڵی رابردوو، پڕۆژه‌یاسای چاكسازی ره‌وانه‌ی په‌رله‌مان كرا. له سه‌ره‌تای ئه‌مساڵ یاساكه ده‌ركرا. ئه‌و چاكسازییه چووه بواری جێبه‌جێكردنه‌وه. ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران په‌یڕه‌وی بۆ ده‌ركردووه و له مانگی داهاتوو به كردار جێبه‌جێ ده‌كرێت.
سه‌باره‌ت به گله‌یی هاووڵاتیانیش گوتی: هه‌ندێك له‌و گله‌ییانه‌ی ده‌كرێت، ئه‌نجامی هه‌ڵسه‌نگاندنی هاووڵاتیانه بۆ ساڵانی رابردوو، ئه‌گه‌ر ئێمه ته‌نیا حكومه‌تی هه‌رێم به خه‌تابار بزانین، هه‌ڵه‌یه، به قه‌ده‌ر ئه‌وه حكومه‌تی به‌غدا خه‌تاباره، كه شایسته داراییه‌كانی هه‌رێمی بڕیوه و پاره‌ی گه‌نمی جوتیارانیش نادات و مامه‌ڵه‌یه‌كی نادادپه‌روه‌رانه‌ی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان كردووه. ئه‌وه‌ی له چه‌ند ساڵی رابردوو روویداوه، هۆكاری سه‌ره‌كی بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه، سیاسه‌تێكی ناته‌ندروست، كه هه‌ر له سه‌رده‌می مالكییه‌وه به‌رامبه‌ر به هه‌رێمی كوردستان گیراوه‌ته به‌ر. ده‌بێت ئێمه بڕیاری قورس بده‌ین و ده‌بێت بڕیار بده‌ین، هه‌رێمی كوردستان به چاكسازی بپارێزین.
له باره‌ی رۆڵی په‌رله‌مانی كوردستان له سه‌رخستنی پرۆسه‌ی چاكسازی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، دانا عه‌بدولكه‌ریم گوتی: پێویسته په‌رله‌مانی كوردستان هه‌ماهه‌نگ بێت له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ده‌بێت هه‌ردوو ده‌زگا هه‌ماهه‌نگ بن، چونكه ئه‌وه نه‌كرێت، ره‌نگه ئه‌نجامی باش به ده‌ست نه‌یه‌ن. هه‌ندێك رێكار و بڕیار هه‌ن، ره‌نگه پێویستیان به گه‌ڕانه‌وه بۆ په‌رله‌مان نه‌بێت. ئێمه قۆناغی یه‌كه‌می چاكسازیمان تێپه‌ڕاندووه و یاسا و په‌یڕه‌وی ده‌ركراوه و له مانگی داهاتووه‌وه هاووڵاتیان ده‌بینن یاساكه جێبه‌جێ ده‌كرێت.
ئاشكراشیكرد، له چوارچێوه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیراندا، ئه‌نجوومه‌نی چاكسازی پێكده‌هێنرێت. هاووڵاتیان دڵنیا ده‌كه‌مه‌وه، ئه‌م كابینه‌یه به شێوه‌یه‌كی درووست و به نیه‌تی ئیشكردن ده‌یه‌وێت چاكسازی بكات.
قه‌رزه‌كان
سه‌باره‌ت به‌و قه‌رزانه‌ی حكومه‌ت كه لای هاووڵاتیان و وه‌به‌رهێنه‌رانه، دانا عه‌بدولكه‌ریم گوتی: پێكهێنه‌رانی كابینه‌ی نۆیه‌م به‌یه‌كه‌وه كار ده‌كه‌ن و ئه‌و یاسایه‌ی چاكسازی كه ده‌ركراوه، به رازیبوونی هه‌موو لایه‌نه‌كان بووه. هیچ كه‌س ناتوانێت خۆی بدزێته‌وه له دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كانی به حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان. ئه‌و قه‌رزانه موڵكی گشتیین. ده‌بێت بگه‌ڕێنه‌وه شوێنی خۆیان. له‌م كاته‌دا حكومه‌ت خۆی پێویستی به‌م قه‌رزانه‌یه. له‌به‌ر ئه‌وه هیچ وه‌به‌رهێنه‌ر و كه‌سێك، له‌و ماوه‌یه‌ی حكومه‌ت بۆی دیاریكردووه، قه‌رزه‌كانی نه‌گێڕێته‌وه، ئه‌و كاته دڵنیابن، هه‌موو پێكهێنه‌ره‌كانی حكومه‌ت به یه‌كه‌وه كار ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و قه‌رزانه وه‌ربگیرێنه‌وه.
هه‌روه‌ها گوتی: "نایشارمه‌وه، ره‌نگه ئه‌م سێ مانگه‌ی داهاتوو سه‌خت بێت و ئه‌م قۆناغه‌ش به یه‌كگرتووی خۆمان و هه‌ماهه‌نگی نێوان لایه‌نه‌كان ده‌توانین به سه‌ركه‌وتوویی تێپه‌ڕێنین".
له باره‌ی بڕیاری چاكسازیشه‌وه گوتی: "چاكسازی بڕیارێكی قورسه و هه‌ندێك به‌رژه‌وه‌ندی نایاسایی هه‌ندێك كه‌س ده‌بڕێت و بڕیاری قورسیش لای یه‌كێتی و پارتییه و ئه‌گه‌ر ئازار به خۆیشیان بگات، ده‌بێت بڕیار بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موومان پارێزراو بین. ئێمه له ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران بڕیارمان داوه، مووچه‌كه‌مان كه‌مبكه‌ینه‌وه. ئه‌گه‌ر خۆمان بدزینه‌وه له چاكسازی، ئه‌م قۆناغه به سه‌ركه‌وتوویی تێ ناپه‌ڕێنین. تیمی حكومه‌ت یه‌كگرتووین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌بێت چاكسازی بكرێت. هه‌ندێك هێزی ئابووری له ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌ت هه‌ن، هێزی چه‌كدار حزبییه و نیشتمانی نییه".