بەهۆی هێرشەکانی بۆ سەر چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان، عێراق باڵیۆزی تورکیا بانگهێشت دەکات

K24 - هەولێر

بەهۆی بۆردوومانکردنی چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی دەرەوەی عێراق باڵیۆزی تورکیا بانگهێشت دەکات و لە یاداشتنامەیەکیشدا ئامادەیی عێراق دەردەبڕێت بۆ هەموو جۆرە هەماهەنگییەک بۆ پاراستنی سنوور.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئەمڕۆ فاتح یەڵدز، باڵیۆزی تورکیای لە عێراق بانگهێشت کرد و بەهۆی بۆردوومانی چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان یاداشتێکی ناڕەزایی پێدا.

بەپێی راگەیەندراوێکی ئەمڕۆ (سێشەممە، 16-6-2020)ـی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لە یاداشتنامەکەدا هاتووە؛ حکومەتی عێراق ئیدانەی پێشێلکردنی سەروەری خاک و ئاسمانی عێراقی کردووە و بە پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکان لەقەڵەمی داوە.

لە بەشێکی دیکەی یاداشتەکەدا ئەوە بەبیر تورکیا هێنراوەتەوە "ئۆپەراسیۆنە سەربازییە تاکلایەنەکانی رابگرێت". جەختیش کراوەتەوە لەوەی "حکومەتی عێراق ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ هەماهەنگی لەگەڵ تورکیا بۆ پاراستنی سنوورەکان بەجۆرێک بەرژەوەندییەکانی هەردوولا دەستەبەر بکرێن".

وەزارەتی دەرەوەی عێراق داوای لە باڵیۆزی تورکیا کردووە یاداشتەکە بگەیەنێتە لایەنی پەیوەندیدار بۆ ئەوەی کۆتایی بەو "پێشێلکارییە بهێنرێت و جارێکی دیکە لە داهاتوودا نەکرێتەوە".

دوێنێ وەزارەتی بەرگری تورکیا بەیاننامەیەکی لەبارەی هێرشەکانی شەوی 14-6-2020 بۆ سەر چەند شوێنێکی مەخموور، شنگال و قەندیل بڵاوکردەوە و رایگەیاندبوو "لە ئەنجامی زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی، 81 ئامانجی پەکەکەمان بۆردوومان کردووە. ئۆپەراسیۆنەکە ناوی چنگی هەڵۆ بووە و بەسەرکەوتوویی کۆتایی هاتووە".