وادەی دەست پێکردنەوەی وەرزی نوێ بۆندزلیگا یەکلایی دەکرێتەوە

بە ئامادەبوونی هاندەران دەبێت

کریستیان زایڤێرت، سەرۆکی فێدراسیۆنی تۆپی پێ ئەڵمانیا باس لەوە دەکات کە پێشنیاریان کردووە ناوەڕاستی مانگی سێبتەمبەری داهاتوو واتە مانگی نۆ وەرزی نوێ بۆندزلیگا دەست پێ بکرێتەوە و زۆربەی یانەکانیش لەسەر ئەو وادەیە کۆکن.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی دی وۆڵتی وڵاتەکەی سەرۆکی فێدراسیۆنی تۆپی پێ ئەڵمانیا گووتی '' دوای کۆتایی هاتنی وەرزی ئەمساڵی بۆندزلیگا، ئێستا ئامادەکاری بۆ ئەوە دەکەین بە زووترین کات وادەی دەست پێکردنەوەی وەرزی نوێ یەکلایی بکەینەوە و لە یەکەم پێشنیازمان داوا کردووە 11 یان 18 مانگی سێبتەمبەر وەرزی نوێ دەست پێ بکاتەوە و لە نزیکترین کاتیشدا لەسەر وادەکە رێکدەکەوین''.

کریستیان زایڤیرت ئەوەشی نەشاردەوە ئەوان کار لەسەر ئەوە دەکەن وەرزی نوێ بە ئامادەبوونی هاندەران بەڕێوەبچێت و بۆ ئەم مەبەستە گفتوگۆی وورد لەگەڵ حکومەتی وڵاتەکەیان دەکەن و هیوادارن کە بتوانن رێگە بە هاندەران بدەن لە یاریگەکان ئامادەبن.