ئۆبامێیانگ مژدەیەکی خۆشی بۆ هاندەرانی ئارسێناڵ ھەیە

هیوا دەخوازێت لە یانەکەی بمێنێتەوە

پیەر ئێمریک ئاوبامێیانگ، گۆڵکاری گابۆنی یانەی ئارسێناڵی ئینگلیزی دوای بردنەوەی یانەکەی بەرامبەر نۆریچ سیتی باسی لە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی کرد و راشیگەیاند هیوا دەخوازێت لەگەڵ یانەکەی بەردەوام بێت.

گۆڵکارە گابۆنیەکە لە چاوپێکەوتنی رۆژنامەوانی دوای یاریی یانەکەی بەرامبەر نۆریچ سیتی بە رۆژنامەنوسەکانی گووت '' خۆشحال دەبم ئەگەر لەگەڵ کارگێری یانەکەم رێکبکەوین لەسەر نوێکردنەوەی گرێبەستەکەم و هیوادەخوازم لەگەڵ یانەکەم بەردەوام بم، هەرچەندە لەم کاتەدا تەنها بیر لە ئەنجامەکان دەکەمەوە و نامەوێت خۆم بە شتی دیکەوە سەرقاڵ بکەم و لە داهاتوودا هەموو شتێک یەکلایی دەبێتەوە و ئاواتەخوازم ئەوەی کە روودەدات بە دڵی هاندەرانی ئەو یانەیە بێت ''.

ئاوبامێیانگ بەم دواییە دەنگۆیەکی بەهێز هەبووە کە نایەوێت گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەیدا نوێ بکاتەوە و بەم هۆیەوە چەندین یانە لەسەر هێڵن بۆ گواستنەوەی ئەو یاریزانە، بەڵام قسەکانی ئەم دواییەی هاندەرانی یانەکەی دڵخۆش بە مانەوە کردووە.