چاكسازی لە پێكهاتە و ستراكچەری حكومەتدا

Kurd24

ئاشكرایە بوونی ستراكچەرێكی مۆدێرن لەهەر دەزگا و پێكهاتەیەكی حكومەتدا رەنگدانەوەی خودی ئەو دەزگایە لە روی كوالیتی و بەهێزی و سەركەوتنی دەردەخات، هەروەها هەر دەزگا و پێكهاتەیه‌كیش بەهۆی ئەو گۆڕانكارییە بنەڕەتییە گڵۆباڵیزمیەی كە روودەدەن، ئەوانیش پێویستیان بە گۆڕانكاری و پێداچوونەوە هەیە و پێویستە خۆیان لە گەڵی بگونجێنن.

 لە هەرێمی كوردستاندا و لەسەر ئاستی کارگێری و لە هێڵە گشتییەکانی بەرنامەی کاری کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دا هاتووە كە (کاری جددی دەکەین بۆ تەرشیقی هەیکەلیەتی دام و دەزگاکانی حکومەت لە خوارەوە بۆ سەرەوە، بە شێوەیەک کە بۆ هەرێمی کوردستان گونجاو بێت، ئەمەش بە پێی پلانێکی تۆکمە و ئامادەکردنی نەخشەرێگایەکی زەمەنی لە ماوەی چوار ساڵی داهاتوودا) .

دیارە یەكێك لە كۆڵەگە هەرە سەرە كییەكانی بواری چاكسازی دووبارە رێكخستنەوە و پێداچونەوەیە بە ستراكچەری Restructuring دام و دەزگاكانی حكومەت و لە كارنامەی ئەم كابینەیە بایەخێكی زۆری پێدراوە، هەر بۆیە بڕیاری ژمارە 33ی ئەنجومەنی وەزیرانی لە 6/11/ 2019 پێدەرچوە كە تیایدا میكانیزم و چوارچێوە ی كاری بۆ داڕێژراوە و لیژنەی تایبەتی لە كەسانی پسپۆر و شارەزا لە وەزارەتە تایبەتمەندەكان و زانكۆكان بۆ پێكهێنراوە و تەنانەت بۆ پاڵپشتی و زیاتر هەماهەنگی وەزارەتەكانی حكومەت لەم بارەیەوە لیژنەیەكی پشتیوانی لە كۆمەڵێك وەزیر (وەزیری پلاندانان، وەزیری دارایی و ئابوری، سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون) لەگەڵ كەسانی تەكنیكار پێكهاتوە كە دەسەڵاتی تەواویان هەیە بڕگەكانی ئەم بڕیارە جێبەجێبكەن.

پرۆژەی پێداچوونەوە بە پێكهاتە و هەیكەلیەتی وەزارەتەكان كارێكی ئەوەندە ئاسان نییە، بەڵكو كۆمەلێك ئاڵنگاری لەم روەوە دووچاری جێبەجێكارانی دەبنەوە، بەتایبەتی بۆ ستراكچەرێك كە چەندین ساڵە وەكو میراتێكی كەڵەكەبوو لە حكومەتی عێراقی پێشوو دواتریش هەشت كابینەی یەك لە دوای یەكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆمان ماوەتەوە - لەگەڵ چەند هەوڵێك بۆ چاكسازی لە م سێكتەرەدا- تاوەكو ئێستا نەمانتوانیوە چاكسازی و گۆڕانكاری بنەڕەتیان تیادا بكەیەن و خۆمان لەگەڵ پێشهات و گۆڕانكارییەكانی سەردەم بە شێوەیەكی نوێ بگونجێنین، ئەوە وێرای كۆمەڵیك پێداویستی دیكە لە رووی ماددی و لۆجیستییەوە كە زەرورە بەردەست بن لە هەنگاوەكانی ئەنجامدانی ئەم پرۆسەیەوە.

دیارە كۆمەڵێك چەمك و پێناسەی جۆراو جۆر سەبارەت بە دووبارە رێكخستنەوە و پێداچونەوەی هەیكەلیەت و پێكهاتەی هەر دەزگایەك هەیە بەڵام ئەوەی ئاشكراو گرنگترینیانە بریتییە (لەو پڕۆسێسەی كە بەشێوەیەكی فراوان بەرەو ناخ و قوڵایی هەر قەوارە و پێكهاتەیەكی كارگێڕی دەچێت، هاوكات دیاریكردنی ئامانجەكان و گەیشتن بە ئەنجامە چاوەڕوانكراوەكانیش لە خۆوە دەگرێت كە دەوڵەت دەیەوێ لە مەودایەكی دیاریكراو بەدەستیان بهێنێت).

بۆیە لە روانگەی ئەم بۆچونەی سەرەوە دەكرێت بڵێین كە دووبارە پێداچونەوە بە هەیكەلی هەر دەزگایەك گشت ئەو هەوڵانەیە بۆ لێكۆڵینەوە و شیكردنەوەی سەرجەم بەش و پێكهاتەی خودی ئەو دەزگایە لە رووی پێویستی و باری یاسایی و پەیوەندییە ئۆرگانیزمییەكانیشەوە.

ئەم پرۆسەیە لە بنەڕەتدا خاڵی جەوهەری ریفۆرمی كارگێڕییە، كە خۆی لە و رێكارانەدا دەبینێتەوە كە وەكو فاكتەرێك بن بۆ ئەنجامدانی گۆڕانكارییەكی بنەڕەتی گەورە لە پێكهاتەی دەزگا حكومییەكان، كە پێویستە خواستی ئەو گۆڕانكاریانە هۆكارێك بن بۆ باشتركردنی سەرجەم ئاراستە و رەفتاری ئەو كەسانەی كە لە بواری كارگێڕیدا لە دام و دەزگا حكومییەكاندا كاردەكەن، بێگومان ئامانج لەمەشدا زیاتر بەرزكردنەوەی ئاستی لێهاتویی و بەرەو پێشبردنی ئەدای خودی ئەم دەزگایانەیە بەمەبەستی بە دیهێنانی ئامانجەكانی گەشەپێدانی نیشتمانی.

دیارە هۆكار گەلێكی پێویست هەن كە وا بكەن دووبارە پێداچونەوە بە ستراكچەرو پێكهاتەی دام و دەزگا حكومییەكانی هەرێمی كوردستاندا بكرێتەوە لەوانە:

1- نەبوونی یاخود نا ڕوونی و ڵێڵی ئەو بنەما ستراتیژیانەی كە خودی ئەو دەزگاو پێكهاتە جۆراوجۆرە حكومییانەی لەسەر دامەزراوە، بۆیە كاتێك دەست دەكرێت بە كردنەوەی یەكەیەكی نوێ یاخود تێكەڵكردن و هەڵوەشانەوەیان لە ستراكچەری هەر دەزگایەك بەبێ بوونی ستراتیژیەتێكی روون و شەفاف دەبینین كێشە كارگێڕییەكان زیاتر ئاڵۆز دەبن و پێكهاتە كارگێڕییەكانیش بەبێ پلانی دەمێننەوە.

2- زیادبوونی گلەیی و گازاندەی هاووڵاتیان لە خراپی ئەدای ئاستی كارگێڕی و پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییە گشتییەكانی دام و دەزگا حكومییەكان، زۆربەی ئاماژەكان ئەوە دەخەنە روو كە بەشێكی زۆری خراپی ئەدای ئەم دەزگایانە لە نەبوونی و كەمبوونی پێداویستی ماددی خودی دەزگاكان نیین، بەڵكو لە نەبوونی لێهاتویی كارگێڕی و بەربەست و رێكارە كلاسیك و كۆنەكانن كەوایان كردوە گلەییەكان زیاتر بن و ئەدای دەزگا حكومییەكانیش خراپتر بن.

3- سەرهەڵدانی چەمكی بەڕێوەبردنی حكومی نوێ New government administration، كەوادەكات چەمكی بەڕێوەبردن لە بەڕێوەبردنێكی جێبەجێكاری تژی لە رۆتین بگۆڕێت بۆ بەڕێوەبردنێك كە بارگاوی بێت بە ئایدیا و داهێنان و توێژینەوە و پرۆسێسی پلانی ئاراستەكراو و هەماهەنگی و كاری بەكۆمەڵ و بەرهەمهێنان و بەدواداچون وهەڵسەنگاندن و لێپرسینەوە، لەو پێودانگەوە پەرەپێدانی پێكهاتە و ستراكچەری دەزگا حكومییەكان و بەرزكردنەوەی ئەدا و لێهاتوییان بوەتە پێویستییەكی حەتمی رۆژگاری ئەمڕۆمان.

4- پێویستی دەزگا حكومییەكان لە سایەی ئەو پێشهات و گۆڕانكارییە كارگێڕی و ئابوریانەدا بۆ ئەنجامدانی گۆڕانكاریی بنەڕەتی لە پێكهاتە و چالاكییەكانیاندا، كە وا بكات هەرچی دیاردەی سستی ئەدای بەڕێوەبردن هەیە لە دەزگاكاندا نەیانهێڵێ و ئەمەش وادەكات توانای زیاتر بخرێتە گەڕ بۆ باشتركردنی پێشكەشكردنی ئاستی خزمەتگوزارییەكان و هاوكات داهاتەكانیش بۆ مەبەستەكانی پێشوەچون و زیادكردنی بەرهەمهێنان وەگەڕ بخرێت .

5-  پێویستی دەزگا حكومییەكان بۆ دانانی كۆمەڵێك رێكار و بەرەبەستی پێویست بۆ ئەو هەڵئاوسانە وەزیفیە و زۆری فەرمانبەران كە لە دام و دەزگا حكومییەكانی هەرێمدا هەن، هەروەها دووبارە پێداچونەوە و دابەشكردنەوەیان بەسەر ئەو پێكهاتە كارگێڕیانەی كە هێزی كاریان كەمەو بیركردنەوە لە كەمكردنەوەی ژمارەیان، یەكێك لە رێگاكان (خانەنشینی پێشوەختەی ئارەزومەندانەیە) لەگەڵ بونی هەندێك هاندان (حوافز) بۆیان تاوەكو دەستپێشخەر بن و خۆیان خانەنشین بكەن.

6- نەبوونی یان سستی پلانێكی گشتگیر بۆ هێزی كار لەسەر ئاستی تەواوی دەزگا حكومییەكان لە تێڕوانینی پەیوەندی نێوان پێداویستی و پسپۆرییەكان،ئەمەش وایكردوە كە پێوەركانی دابەشكردنی هێزی كار لە دام و دەزگاكاندا كێشەی زیادە لەپێویست (فائض)ی فەرمانبەر و بێكاری دەمامكدراو (البطالة المقنعة) سەرهەڵبدات و پسپۆرییەكان لەشوێنی پێویستی خۆیان دانەنرێن و نەگونجان لە ئەدای فەرمانبەرێتی بێتە كایەوە.

دیارە هۆكاری زۆر هەن بۆ دووبارە پێداچونەوە بە ستراكچەرو پێكهاتەی دام و دەزگا حكومییەكان لە هەرێمی كوردستاندا، لێ خاڵێكی زۆر گرنگ لێرەدا سەرهەڵدەدات كە پێویستە هەروا بەئاسانی بەسەرماندا تێنەپەڕێ ئەویش ئەوەیە كە ئێمە بەهەڵەدا دەچین ئەگەر وامەزەندە بكەین كە پرۆسەی دووبارە پێداچونەوە بەپێكهاتەی دام و دەزگا حكومییەكان تەنها خۆی لە پەرەپێدانی پەیكەری رێكخستن یاخود هێنانە كایەو تێكەڵكردن و هەڵوەشانەوەی یەكەكانی بەڕیوەبردن لە هەر دەزگایەكدا ببینێتەوە،بەڵكو پڕۆسێسەكە دەبێت بچێتە قوڵایی و ریشاژۆی پێكهاتە كارگێڕییەكە و ئەمانەی خوارەوەش لە خۆ بگرێت:

1- دیاریكردنی ئامانجە گشتییەكان و ئەنجامە چاوەڕوانكراوەكان كە دەولەت بۆ بەدەستهێنانیان هەوڵدەدات، لەگەڵ وێناكردن و دانانی بنەمای رێكخستنی گونجاو كە دواتر وادەكات ئەم دەزگایانە لە خزمەت ئامانجە نیشتیمانییەكان بن نەك بە پێچەوانەوە.

2- هێنانەكایە و گەشپێدانی سیساسی و ستراتیژ كە فاكتەرن بۆ بڕیاردان لە سەرجەم كاروبارە كارگێڕییە جیاجیاكان و ئەنجامدانی ئەدا بە ئاراستەی ئامانجە دیاریكراوەكان لە چوار چێوەی پێوەرە زانستییە باوەڕپێكراوەكان.

3- دانان و وێناكردنی سیاسەتێكی گشتگیر بۆ تەواوی هێزی كاری راست و دروست لە رووی چەندایەتی و چۆنایەتی پێداویستییەكانی دەزگا حكومییەكان بۆ فەرمانبەری پێویست، لەگەڵ بەكارهێنانی پێوەری بابەتیانە بۆ دەستنیشانكردن و یەكلاكردنەوەی ئاستی هێزی كار دوور لە پیاهەڵدانی كۆمەڵایەتی و سیاسی پەیوەست بەدامەزراندنەوە كە وایكردوە ژمارەی هێزی كار لە دەزگاكانی حكومەت زیاد بن كە لە بنەڕەتدا ناگونجێن لەگەڵ پێویستی راستەقینەی كار، ئەمەش وادەكات كە ئاستی تێچوو بەرز ببێتەوە و لە بەرامبەریشدا لێهاتویی ئەدا بەرەو سستی و داڕمان بچێت.

4- پاڵپشتیكردنی كەناڵەكانی پەیوەندی نێوان دەزگا حكومییەكان و دەستەبەركردنی پێدانی زانیارییەكان لە نێوانیاندا.

5- پاڵپشتیكردنی كەناڵەكانی پەیوەندی نێوان دەزگاكانی حكومەت و هاووڵاتیان و دەستەبەركردنی بەدەنگەوەهاتن بۆ پێداویستییەكانیان لە رووی خزمەتگوزارییەكان و بەردەوامی برەودان بەو پەیوەندییانە كەوا دەكەن هاوڵاتی زیاتر متمانەیان بە دەزگا حكومییەكان هەببێت.

6- كۆنتڕۆلكردنی رێكارە كارگێڕی و دارایی و تەكنیكی چالاكییەكانی حكومەت بەشێوەیەك كە گونجاو بێت لە گەڵ پێوەركانی ئەدا و یەكڕاش بێت لەگەڵ ئامانجە دیاریكراوەكان لەگەڵ بەهەند وەرگرتنی تایبەتمەندی هەر دەزگایەك.

بێگومان پێشكەوتن و گەشەپێدانی وڵات پێویستی بە دووبارە رێكخستنەوە و پێداچونەوە بە تەواوی پێكهاتە و ستراكچەری دەزگاكانی حكومەتە، تەنانەت خودی ژمارە وئاستی وەزارەتەكانیش، پێداچونەوەیەك كە وابكات لەو دەزگا كارگێڕییە كلاسیكیە رزگارمان بێت، كە بۆتە مۆتەكەیەك و بارگرانییەكی ئابووری و كۆمەڵایەتی و تەنانەت سیاسیش بەسەر تەواوی پێكهاتەكانی حكومەت و جگە لە كەڵەكە بوونی بیرۆكراسی و بەهەدەردانی سامانی گشتی هیچیدیكە نییە.

 

  • ب.گشتی لە وەزارەتی پلاندان
  • دكتۆرا لە بەڕێوەبردنی قەیرانەكان