ئه‌و زه‌ویانه‌ی كه‌وتوونه‌ته‌ نێو ماسته‌ر پلان خاوەنەكانیان قه‌ره‌بوو ده‌كرێنه‌وه‌

.
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان، جارێكی دیكە وەزارەتە پەیوەندیدارەكانی راسپارد، بۆ ئەوەی پەلە بكەن لە راییكردنی قەرەبووكردنەوەی ئەو جووتیارانەی كە خاوەنی گرێبەستی كشتوكاڵین، بەپێی یاسا قەرەبووی 3%ی بۆ زەویە گرێبەستەكان و 12% بۆ زەوییە موڵكەكان دیاریكراوە.

لە دوایین كۆبوونەوەدا، ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان وەزارەتەكانی كشتوكاڵ و سەچاوەكانی ئاو و شارەوانی و گەشتوگوزار و دادی راسپارد، كە پەلە بكەن لە راییكردنی قەرەبووی ئەو جووتیارانەی كە خاوەنی گرێبەستی كشتوكاڵین، و مافی یاسایی قەرەبووكردنەوەیان لەلایەن وەزارەتی كشتوكاڵەوە پشتڕاستكراوەتەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی یاسای كارپێكراوەكان، یەكێتی جووتیارانیش ھەنگاوەكەی حكومەتی ھەرێمی كوردستان بە گرنگ دەزانن بەتایبەت لەم دۆخەی ئێستا.

قەرەبووی جووتیاران بۆ ئەم زەویانەیە كە بەر ماستەر پلانەكانی حكومەت كەوتوون، بەپێی یاسا قەرەبووی 3% بۆ زەوییە گرێبەستەكان و 12% بۆ زەوییە موڵكەكان دیاریكراوە، لیژنەی  كشتوكاڵ و  سەرچاوەكانی ئاو لە پەرلەمانی كوردستان داوا دەكات بۆ ئەم دۆخە ھاوكاری ئەم جووتیارانەش بكرێت كە لەم وەرزەدا بەھۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا بەرھەمەكانیان ساغ نەبووەتەوە.

تا ئێستا لە سنووری پارێزگای ھەولێر نزیكەی 33 گوند و لە سلێمانی نزیكەی 50 گوند و لە دھۆكیش نزیكەی 40 گوند بەر ماستەر پلانەكانی حكومەت كەوتوون، نیوەی جووتیاران قەرەبوو كراونەتەوە و ئەنجومەنی وەزیران جەختیكردووەتەوە لە پەلە كردن بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەوانی دیكەش.