لە ساڵێكدا حكومەت 166 ملیار دیناری بۆ نۆژەنكردنەوەی رێگەكان خەرجكردووە

.
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

كابینەی نۆیەمی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، لە سەرەتای دەست بە كار بوونیەوە گرنگی  بە پڕۆژە خزمەتگوازارییەكانی رێگاوبان دەدات. لەماوەی یەك ساڵی كاركردنی كابینەی نۆیەم 166 ملیار دیناری خەرجكردووە، بۆ  نۆژەنكردنەوەی و دروستكردنی  رێگاوبان لە ھەموو پارێزگاكانی ھەرێمی كوردستان، بۆ ھەماھەنگی نێوان كەرتی تایبەت و گشتییش كۆمەڵێك بڕیاری نوێ لەلایەن ئەنجومەنی وەزیران دەركراوە.

لەو ماوەی ساڵێك كاركردنی كابینەی نۆیەم 35 پڕۆژەی رێگاوبان لە ھەرێمی كوردستان ئەنجامدراون:.

13 پڕۆژە لە پارێزگای ھەولێر

8 پڕۆژە لە پارێزگای سلێمانی

10 پڕۆژە لە پارێزگا ھەڵەبجە

4 پڕۆژە لە پارێزگای دھۆك

تێچووی گشتی ئەم پڕۆژانە كە نۆژەنكراونەتەوە  29 ملیار دینار بووە.

 زۆربەی ئەو پڕۆژانەی لەلایەن حكومەتی ھەرێمی كوردستانەوە كارەكانیان تەواو كراوە و ھەندێك لە پڕۆژەكانیش كاركردن تێیاندا بەردەوامە.

پڕۆژەكانی رێگاوبان كە لە كابینەی نۆیەم دروستكراون بریتین لە 11 پرۆژە:

دروستكردنی سایدی دووەمی رێگای دەربەندی رانیە - ژاراوە لە راپەرین

دروستكردنی سایدی دووەمی رێگای كەلار - كفری  لە گەرمیان

دروست كردنی رێگای كەلار - دەربەندیخان  لە گەرمیان

دروستكردنی رێڕەوی دووەمی  رێگای ھەڵەبجە - سەید سادق

دروستكردنی رێگای خێرای باشماخ - پێنجوێن  لەگەڵ دوو یەكتربڕ لە سلێمانی

دروستكردنی رێگای دوو سایدی دووكان -چوارقوڕنە و نۆژەنكردنەوەی رێگا كۆنەكە لە سلێمانی

دروستكردنی رێگای رۆڤیا - گۆپاڵ  لە  دھۆك

دروستكردنی ئەندەرپاس نزیك ناوچەی سەفین  لە شەقامی بارزان  لە دھۆك

دروستكردنی رێگای ھەولێر - گۆپاڵ

دروستكردنی شەقامێك بۆ نەخۆشخانەی پێشمەرگە لە ھەولێر

دروستكردنی رێگا و تۆنێلی سەلاحەدین لە ھەولێر

تێچووی سەرجەم ئەم پڕۆژانەش بڕی 131 ملیارد دینار بووە.

سەرەڕای ئەنجامدانی ئەم پڕۆژانە كە نۆژەنكراونەتەوە یان دروستكراون، لە ماوەی ساڵێكدا 30 پڕۆژەی  رێگای بچوك بە گوژمەی 6 ملیار دینار نۆژەنكراونەتەوە یان دروست كراون. بەمجۆرە كابینەی نۆیەم، لە ماوەی ساڵێكی تەمەنیدا 166 ملیار دیناری بۆ رێگا وبانەكان خەرجكردووە.