عێراق لەبارەی چۆنییەتی ناشتنی تەرمی ئەوانەی بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە بڕیاری دا

K24 - هەولێر
لە عێراق ئەو کەسانەی بە کۆرۆنا گیان لەدەستدەدەن، دەکرێت لە هەر گۆڕستانێک بنێژرێن، کە کەسوکاری مردووەکە هەڵیدەبژێرن، پێویستیش ناکات قوڵیی گۆڕەکە، لە قوڵیی گۆڕی ئاسایی زیاتر بێت.
لە راگەیەندراوێکدا کە واژۆی ریاز عەبدولئەمیر حەلفی، بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی عێراقی بەسەرەوەیە و بۆ وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستانیشی ناردووە، هاتووە "ئەو کەسانەی بە کۆرۆنا گیان لەدەستدەدەن، دەتوانرێت لە گۆڕستانی ئاسایی بنێژرێن".
بە پشتبەستن بە رێنماییەکانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) لە راگەیەندراوەکەدا کە 26-7-2020 بڵاوکراوەتەوە، باس لە چۆنییەتی ناشتنی ئەوانە کراوە کە بە کۆرۆنا گیان لەدەستدەدەن.
بەپێی راگەیەندراوەکە: "ئەوانەی بە کۆرۆنا گیان لەدەست دەدەن، دەکرێت لە هەر گۆڕستانێک بنێژرێن کە کەسوکاری مردووەکە هەڵیدەبژێرن، هەروەها هیچ رێگرییەکی زانستی نییە لەوەی بە رێگەی ئاسایی ناشتنی مردوو نەنێژرێن، یان قووڵیی گۆڕەکە ئاسایی نەبێت. ناشتنەکە دەبێت بە پابەندبوون بە هەموو رێنماییەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی و بە سەرپەرشتیی لایەنی تەندروستی بێت".
ئەوەش ئاشکرا کراوە "تەرمەکە لەدوای پاکژکردنی (تەعقیمکردنی) لە نەخۆشخانە، نابێتە هۆی گواستنەوەی کۆرۆنا و، دوای ناشتنیشی هیچ جۆرە مەترسییەک لە دەرەوەی گۆڕەکە دروست ناکات".
ئەو بڕیارە لەکاتێکدایە، بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی تەندروستی عێراق، تاوەکو دوێنێ كۆی ئهوانهی له سهرانسهری عێراق تووشی پەتای کۆرۆنا بوون ژمارهیان گهیشتووەته 110 ههزار و 32 کەس، لهو ژمارهیهش چوار ههزار و 462كهس بههۆی ڤایرۆسهكهوه گیانیان لهدهستداوه.
تائێستا بەشێکی ئەوانەی لە عێراق بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە، لە گۆڕستانی تایبەت نێژراون، بەجۆرێک گۆڕەکەشیان قووڵتر بووە لە گۆڕی ئاسایی، ئەمەش بەزۆری لەو شوێنانە پەیڕەو کراوە، کە ژمارەیەکی زۆر خەڵک بە پەتاکە گیانیان لەدەستداوە.