گوندی ستەڤلان لە زاخۆ لە لایەن تورکیاوە تۆپباران دەکرێت

لە ماوەی دوو رۆژدا 20 گوللـەتۆپی بەرکەوتووە


K24 - زاخۆ

لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا 20 گوللـە تۆپی تورکیا بە گوندی ستەڤلانی سەر بە ناحیەی دەرکاری قەزای زاخۆ کەوتوون و زیانێکی ماددی زۆر بە ماڵ و موڵکی گوندنشینان کەوتووە.

بەهۆی بەردەوامیی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی نێوان گەریلاکانی پەکەکە و دەوڵەتی تورکیا لە گوندە سنورییەکانی سەر بە قەزای زاخۆ بەتایبەتی لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا، زیانێکی زۆر بە گوندنشینان کەوتووە.

زێرەڤان موسا، بەڕێوەبەری ناحیەی دەرکار بە کوردستان 24ـی راگەیاند "لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا بەھۆی کەوتنی 20 گوللـە تۆپ لە گوندی ستەڤلانی سەر بەناحیەی دەرکار لە زاخۆ، 40 دۆنم لە دارستان و رەز و باخی 21 جووتیاری ئەو گوندە سووتاوە و، زیانی زۆریان بەرکەوتووە و تائێستاش ئاگرەکە بەردەوامە".

ئۆپەراسیۆنی تورکیا بۆ سەر گەریلاکانی پەکەکە لەم سنوورەدا نزیکەی مانگێک و 15 رۆژە بەردەوامە، کە بەھۆیە تائێستا سوپای تورکیا بە پانتایی 30 کیلۆمەتر و قوڵایی 14 کیلۆمەتر سنووری ھەرێمی کوردستانی بەزاندووە، لەبەر هەمان هۆکاریش 34 گوند چۆڵکراون، کە نۆ گوندیان مەسیحینشینن.