چاكسازی لە وەزارەتەكان دەكەوێتە واری جێبەجێكردنەوە

لیژنە لە وەزارەتەكان پێكھێنراون
kurdistan24.net

K24 – ھەولێر

وەزارەتەكانی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، لیژنەیان بۆ جێبەجێكردنی چاكسازی پێكھێناوە، كاری لیژنەكان ئامادەكردنی راپۆرتی وەزارەتەكان دەبێت تایبەت بە چاكسازی.

لە راپۆرتی وەزارەتەكاندا زانیاری لەبارەی فەرمانبەران دەخرێتەڕوو، وەك ساڵانی خزمەتی راستەقینەی فەرمانبەر، ناونیشان و پلەی وەزیفی شایستە، ھەموو زانیارییەكان كۆدەكرێنەوە و چاكسازییەكە لە یەك پاكێجدا رێكدەخرێت.

لەبارەی ناوەڕۆكی راپۆرتی وەزارەتەكان سالار عوسمان، بریكاری وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان بە كوردستان24ی راگەیاند: "ئەوە ئاشكرا دەكرێت كە كام فەرمانبەر پلەی زیادی پێدراوە، ھەروەھا ساڵانی زیادی خزمەت بۆ كام فەرمانبەر نووسراوە، فۆڕمێك لە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان لە رێگەی لیژنەكان بە وردی پڕ دەكرێتەوە، پێداچوونەوە بە دۆسییەی ھەموو فەرمانبەران دا دەكرێت، ھەموو سەرپێچی و كەموكوڕییەكان چارەسەر دەكرێن".

لە ماوەی ھەر سێ مانگدا حكومەتی ھەرێمی كوردستان راپۆرتێك لەبارەی ھەنگاوەكانی چاكسازی دەداتە پەرلەمانی كوردستان، بڕیاریشە لە مانگی ئەیلولی داھاتوو یەكەم راپۆرتی حكومەت لەوبارەوە بگاتە پەرلەمان.

لیزا فەلەكەدین كاكەیی، پەرلەمانتاری كوردستان دەڵێ: "یاسای چاكسازی كەوتووەتە واری جێبەجێكردنەوە و دوای سێ مانگ حكومەت راپۆرت دەداتە پەرلەمان چاوەڕێ دەكەین مانگی داھاتوو راپۆرتەكە بگات، بۆ ئەوەی ئێمەش چاودێری ھەنگاوەكانی جێبەجێكردنی چاكسازی بكەین".

ھ.م