عێراق داواکاری پێشکەشی رووسیا کردووە بۆ کڕینی ڤاکسینی کۆرۆنا

یەکێکە لە 20 وڵاتەکە

K24 - هەولێر

عێراق داواکاری پێشکەشی رووسیا کردووە بۆ کڕینی ڤاکسینی رووسیی کۆرۆنا، کە بەفەرمی وەکو یەکەم ڤاکسینی دژی کۆرۆنا تۆمارکراوە.

نەهرۆ محەمەد، ئەندامی شانەی قەیرانەكان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرای کرد "عێراق لەنێو ئەو 20 وڵاتەدایە كە بۆ کڕینی ڤاكسینی كۆرۆنا، داوایەكی پێشكەشی رووسیا كردووە".

ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا دوێنێ رایگەیاند وەزارەتی تەندروستیی وڵاتەکەی یەکەم ڤاکسینی کۆرۆنای لە جیهان پەسەند کرد کە لەلایەن دامەزراوەی گامالایەی رووسی بەرهەمهێنراوە.

هەر دوێنێ رووسیا ئاشکرای کرد 20 وڵات داواکارییان پێشکەش کردووە بۆ کڕینی ڤاکسینی کۆرۆنا، کە زیاتر لە یەک ملیار ڤاکسینیان داواکردووە.

 وەزارەتی تەندروستیی رووسیاش رایگەیاندبوو ماوەی مانەوەی بەرگری جەستە لەدژی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (کۆڤید-19) لەدوای بەکارهێنانی ڤاکسینەکە، دوو ساڵ دەبێت.