به‌غدا یادداشتی ناڕه‌زایه‌تی ده‌داته‌ توركیا

پێویسته‌ له‌ خاكی عێراق بكشێته‌وه‌

K24 - ھەولێر:

وەزارەتی دەرەوەی عێراق بانگھێشتی فاتح یەلدز، باڵیۆزی توركیای لە به‌غدا كرد لە سەر بۆردوومانكردنی كاروانی ھێزەكانی پاسەوانانی سنووری عێراقی لە لایەن فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی سوپای توركیاوە، كە بووە ھۆی شه‌هیدبوونی ئەفسەرانی عێراقی و به‌و هۆیه‌وه‌ یادداشتنامەیەكی ناڕەزایی پێدا.

لە راگەیه‌ندراوێكدا وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگه‌یاند، باڵیۆزی توركیا بانگ كراوه‌ته‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق و یادداشتنامه‌یه‌كی ناڕه‌زایه‌تی پێ دراوه‌.

هه‌روه‌ها هاتووه‌: له‌ یادداشتنامه‌كه‌دا، عێراق ئیدانەی ئەو پێشێلكارییە بەردەوامانەی سووپای توركیای كردووە، لەوانەش دوایین بوردوومانی له‌ رێگه‌ی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان لە ناوچەی سیدەكانی پارێزگای ھەولێر، كە بووە ھۆی شەھیدبوونی دوو ئەفسەر وو سەربازێكی سوپای عێراق.

وەزارەت جەختیكردووەتەوە، پێویستە توركیا ده‌ستبه‌جێ بوردوومانەكان راگرێت و ھێزە دەستدرێژكارەكانی لە تەواوی خاكی عێراق بكشێنێتەوە.

یەكەم جاره‌ توركیا سەركردە سەربازییەكانی عێراق، كە لە ئەركێكی كۆنترۆڵكردنی سنووردا بوون لە نێوان ھەردوو وڵاتدا، دەكاتە ئامانج.

ھەروەھا لە ڕاگەیاندنەكەدا ھاتووە: دووبارەبوونەوەی ئەم كردەوانە و گوێنەدان به‌ داواكانی عێراق لە راگرتنی پێشێلكارییەكان و كشاندنەوەی ئەو ھێزانەی توركیا كە ھاتوونەتە ناو سنووری نێودەوڵەتیمانەوە، دەبێتە ھۆی چاوخشاندنەوە بە قەوارەی ھاریكاری نێوان ھەردوو وڵاتدا لە گشت ئاستەكاندا.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق هه‌روه‌ها نووسیویه‌تی: "عێراق جەختدەكاتەوە لە سەر بەكارنەھێنانی خاكی وەك بارەگا و رێڕەو بۆ زیان گەیاندن بەھیچ وڵاتێكی دراوسێ، ھەروەھا قبووڵ ناكات ببێتە گۆڕەپانی ململانێ و یەكلاكردنەوە حساباتی لایەنی دەرەكی".

وەزارەتی دەرەوەی عێراق دووپاتیكردەوە لەسەر ھەڵوەشاندنەوەی سەردانی وەزیری بەرگری توركیا، كە بڕیار بوو پێنجشەممە ئەنجامی بدات.