توركیا: 320 ملیار مەترسێجا گازی سرووشتیمان لە دەریای رەش دۆزییەوە

وەزارەتی وزەی توركیا: بەھای گازەكە دەگاتە 65 ملیار دۆلار
kurdistan24.net

 

K24 - هەولێر

دوای ھەوڵ و گەڕانێكی زۆر، لەكۆتاییدا "تورکیا بڕی 320 ملیار مەترسێجا گازی سرووشتیی لە دەریای رەشدا دۆزیەوە"، ئەمەش ھەواڵێكی دڵۆخشكەر و ھیوابەخش بوو بۆ خەڵكی توركیا، چونکە لەكاتێكدایە ئەو وڵاتە بە قەیرانێكی سەختی ئابووریدا تێدەپەڕێ.

توركیا پێویستی بە 7 هه‌تا 8 ساڵە بۆ ئه‌وه‌ی پێداویستی ناوخۆ لەو گازە پڕبكاتەوە، ھاووڵاتیانی توركیاش دڵخۆشن و سەرچاوە نوێیەكەی وزە بەهۆکارێکی ئەرێنی بۆ ئابووریی وڵاتەكەیان دەزانن.

ئەیھان ئۆزگان، ھاووڵاتیی تورکی دەڵێ: "ساڵانێكی زۆرە گازی سرووشتی و بەنزین لە وڵاتەكەمان نەدۆزراونەتەوە، پێدەچێت لەم بوارەدا وەبەرھێنانێكی نوێ بكەین بۆ ئەو سامانە. من، دڵخۆشم و ھیوادارم ئەمەش ببێتە سەرچاوەیەكی باش بۆ وڵاتەكەمان".

هاووڵاتییەکی دیکەی تورکی بەناوی ئەتێلا كالیكان، باس لەوە دەکات "ھەموومان پێشبینی ئەو ھەواڵەمان دەكرد، بۆیە زۆر خۆشحاڵین. دۆزینەوە گازی سرووشتی لە وڵاتەكەمان شتێكی مەزنە و داھاتووی ئابووری وڵاتەكەمانی پێ گەورە دەبێ. من، دڵنیام سامانەكە رۆڵێكی باشی دەبێت بۆ ئابووریی توركیا".

بەگوێرەی شارەزایانی پیشەسازیی نەوت و گازی توركیا، دۆزینەوەی ئەو بڕە گازە سرووشتییە، یارمەتیدەرێكی باش دەبێت بۆ ژێرخانی ئابووری و توركیا و پیشەسازییەكان دەباتە قۆناخێكی نوێیەوە، بڕیاریشە لە 2023 دەست بەدەرھێنانی گازەكە بكەن.

هەروەها بەپێی راپۆرتێكی وەزارەتی وزەی توركیا، بەھای گازە سرووشتییە دەگاتە 65 ملیار دۆلار، لەكاتێكدا توركیا ساڵانە بەبەھای 45 تا 50 ملیار دۆلار گاز ھاوردە دەكات.

بە دۆزینەوەی ئەو گازە لە دەریا رەش، توركیا دەستكراوە دەبێت لە وەبەرھێنان لەو بوارەدا.

 

د. زۆن پۆڵس، بەڕێوەبەری نووسین لە گۆڤاری وزە باس لەوە دەکات "گرنگترین دەستكەوت بۆ توركیا ئەوەیە: دۆزینەوەی گازەكە لە دەریای رەشدا بووە، پێچەوانەی دەریای ناوەڕاست، چونكە لە دەریای ناوەڕاستدا كێشیەكی زۆری جیۆسیاسی ھەیە، چونكە ھەموومان دەزانین وزە بووەتە چەكی ململانێی نێوان وڵاتان، دۆزینەوەی ئەو بڕە گازەش لە دەریا رەش، وا دەكات توركیا لە دەریای رەش سنووری خۆی لەگەڵ دراوسێكانی دیاریبكات، ھەروەھا وا دەكات توركیا ئازادانە وەبەرھێنان لە گازی سرووشتی لەو ناوچەیە بكات و بەئارەزووی خۆی بۆڕی نەوت بباتە ناو دەریا".

رەجەب تەیب ئەرۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا دوێنێ رایگەیاند، دوای گەڕانێكی زۆر و لێدانی 9 بیر لە دەریای ناوەڕاست و دەریای رەش، لەكۆتاییدا ھەردوو كەشتی نەوتی: فاتیح و یاووز توانیان بڕی 320 ملیار مەتر سێجا گازی سرووشتی بۆ یەكەمجار لە مێژووی توركیادا بدزۆنەوە، بەگوێرەی راپۆرتی ئەندازیاری نەوت و گاز، پێشبینیش دەكرێ ھەر لە دەریای رەش كێڵگەیەكی گازی سرووشتی بدزۆنەوە".