تەندروستی جیهان: هەرێمی کوردستان کاری باشی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا کردووە
K24- ھەولێر
دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزارەتی تەندرووستی حكومەتی ھەرێمی کوردستان، رێکخراوی تەندروستی جیھانی "WHO" نووسینگەی خۆی لەنێو وەزارەتەکەدا کردەوە و کۆمەڵێك پێداویستیی پزیشکیشی پێشکەش بە وەزارەتی تەندروستیی حكومەتی هەرێمی کوردستان کرد. وەزیری تەندروستیش گوتی: پێویستیمان بە ھاوکاری رێکخراوی تەندروستی جیھانی دەبێت لە رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا. نوێنەری رێکخراوی تەندروستی جیھانیش گوتی: حکومەتی ھەرێمی کوردستان کاری باشی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەکە کردووە و پاڵپشتی ھەوڵەکانیشیان دەکەین.
لەو بارەیەوە سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حكومەتی ھەرێمی كوردستان گوتی: لەبەر ئەوەی لە وەرزی تەشەنەکردنی ڤایرۆسەکەداین، پێوستمان بە ھاوکاری ھەموو لایەکە، بۆ خۆئامادەکردنیش بۆ وەرزی سەرما و رووبەڕووبونەوەی ڤایرۆسەکە، کردنەوەی نووسینگەی رێكخراوی تەندروستی جیھانی پاڵپشتییەکی باشە بۆ وەزاەرەتی تەندرووستی و رووبەڕوبوونەوەی ئەو پەتایە.
هاوكات وائیل حەتاحیت، نوێنەری رێکخراوی تەندرووستی جیھانی لە ھەرێمی کوردستان گوتی: حکومەتی ھەرێمی کوردستان رێکاری باشی گرتووەتەبەر و بەکردنەوەی نوسینگەکەشمان دەیانەوێت پاڵپشتی زیاتری كەرتی تەندروستی كوردستان بكەن، بەتایبەتی لە رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنادا.
ھەر یەك لە كۆنسولی ئەمریكا لە ھەولێر و رێكخراوی تەندرووستی جیھانی و نەتەوە یەكگرتووەكان ھاوكاری پزیشكی و پێداویستی تەندرووستیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا پێشكەش بە وەزارەتی تەندرووستی كردووە، كە بریتین لە 6 ئۆتۆمبێلی فریاكەوتن، 60 ئامێری ھەناسەدان بە بڕی 105 ھەزار دۆلار و پێداویستی دیكەی پزیشكی، بڕیاریشە لە مانگی داھاتوو دووەم كاروانی ھاوکارییەکانی رێكخراوی تەندروستی جیھانی بگاتە ھەرێمی کوردستان.