كۆمكاری عەرەبی داوا لە توركیا دەكات بەبێ مەرج ھیزەكانی لە سووریا، عێراق و لیبیا بكشێنێتەوە

"دەستوەردانەكانی توركیا و ئێران لە كارووباری وڵاتانی عەرەبیدا شوورەییە و دەبێت رابگیرێن"

K24- ھەولێر:

كۆمكاری وڵاتانی عەرەبی، ئەمڕۆ چوارشەممە، دەستوەردانەكانی توركیای لە كاروباری ناوخۆی دەوڵەتانی عەرەبی شەرمەزاركرد و داوای لە ئەنقەرە كرد ھێزەكانی لە سووریا، عێراق و لیبیا بكشێنێتەوە.

ئەم شەرمەزاركردن و داوایە لە مییانی راگەیاندنی یەكەم كۆبونەوەی وەزاریی " لیژنەی عەرەبیی تایبەت بە بەدواداچوونی دەستوەردانەكانی توركیا لە كاروباری دەوڵەتانی عەرەبیدا" ھات.

لە راگەیاندراوەكەدا ھاتووە: " لیژنەكه‌یان ھەموو شێوازەكانی دەستوەردانە دوژمنكارییەكانی توركیا لە كاروباری وڵاتانی عەرەبیدا شەرمەزار كرد، بە تایبەتی دەستوەردانەكانی لە عێراق، سوورا و لیبیا و بە پێشێلكارییەكی گەورەی یاسای نێودەوڵەتی و بريارەكانی ئەنجوومەنی ئاساییشی دەزانێت".

ھەر ئەمڕۆ ئەمینداری گشتی یاریدەدەری كۆمكاری وڵاتانی عەرەبی، حوسام زەكی گوتی: دەستوەردانەكانی توركیا و ئێران لە كارووباری وڵاتانی عەرەبیدا شوورەییە و دەبێت رابگیرێن.

زەكی گوتیشی: ئەنقەرە و تاران ھەوڵ دەدەن دەستكەوتەكانییان لە سەر حیسابی عەرەب بەدەست بێنن. جەختیشیكردەوە، نێگەرانیەكی زۆری عەرەبی لەم دەستوەردانانە ھەیە.