'' ئەمساڵ میسی جیاواز دەبێت ''

ڤیکتۆر ڤالدێس، گۆڵپارێزی پێشووی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانیا کە پەیوەندیەکی باشی لەگەڵ لیۆنێل میسی گۆڵکاری مێژوویی ئەو یانەیە هەیە پێوایە ئەمساڵ بۆ ئەو جیاواز دەبێت.

گۆڵپارێزەکەی پێشووی بلاوگرانا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی سپۆرت3 کەتەلۆنیا لەبارەی داهاتووی لیۆ دەڵێت '' زۆر دڵگران دەبم کاتێک دەبیستم کە لیۆ ئەم وەرزە بە هۆی ئەو کێشانەی هەیەتی ئاستی زۆر دادەبەزێت، بە پێچەوانەوە من گەشبینم بەوەی کە وەرزێکی جیاواز دەبێت و ئاستی لە جاران زۆر باشتر دەبێت، راستە ئەو هەوڵێکی زۆریدا کە یانەکەی جێبێڵێت، بەڵام دڵخۆشین کە لە یانەکەمان مایەوە''.

 ڤالدێس لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە پێویستە بە هەمووان پشتگیری میسی بکەن و داواش لە هاندەرانی یانەکەی دەکات بە هەموو شێوەیەک پاڵپشتی بن، ئەگەر نازناوی زیاتریان دەوێت.