چیرۆكی برینداربوونی كۆڵبەرێكی 14 ساڵ ئاشكرا دەكرێت
K24 - ھەولێر
مێردمنداڵێكی تەمەن 14 ساڵی خەڵكی رۆژھەڵاتی كوردستان، بۆ ئەوەی مۆبایلێكی زیرەك بكڕێت و خوێندنی ئۆنلاینی پێبكات، دەچێتە كۆڵبەری، بەڵام لەوێ لە شاخ دەكەوێت و بە سەختی بریندار دەبێت.
مانی هاشمی، مێردمنداڵێكی تەمەن 14 ساڵانە، بە مەبەستی دابینكردنی پارە بۆ كڕینی مۆبایلێكی هۆشمەند تا بتوانێت خوێندنی ئۆنلاین بەردەوامی پێبدات، پەنا دەباتە بەر كۆڵبەری و لەگەڵ رووناكی دایكی 4 فەردە لۆبیا دەبەنە سەر سنوور، بەڵام لەسەر شاخێك هەڵدێرا و بە سەختی برینداربووە.
ئێستا مانی لەناو ماڵەكەیدا ماوەتەوە بۆ ئەوەی بە تەواوەتی برینەكەی چاكبێتەوە، هەموو خەمەكەشی ئەوەیە، بتوانێت مۆبایلێكی هەبێت تا لە خوێندنەكەی دانەبڕێت.
رووناكی دایكی دەڵێت: "مانی لە خوێندن و قوتابخانەدا زیرەكە، ساڵی رابردوو نمرەكانی 18 لەسەر 20 بووە، ئەوەش نمرەیەكی بەرزە".
بەگوێرەی زانیارییە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە 6/9/2020، مانی هاشمی تەمەن 14 ساڵ و خەڵکی گوندی شمشێر-ی سەر بە شاری پاوە، لە کاتی کۆڵبەری لە بەرزاییەکانی سنووری نەوسوود کەوتووەتە خوارەوە و بە سەختی بریندار بووە.
ئاماژە بەوەشكراوە، ئەو کۆڵبەرە مێرمنداڵە بەهۆی هەڵاتن لە بۆسەی هێزە چەکدارەکانی ئێران تووشی ئەو رووداوە بووە و سەر و دەموچاوی بە سەختی بریندار بووە. ئێستا لەژێر چاودێریی پزیشکی دایە.
بەھۆی قەیرانی دارایی ئێران، ژمارەیەكی زۆر لە خەڵكی رۆژھەڵاتی كوردستان بۆ پەیدا كردنی نان و دابینكردنی ژیان دەستیان بە كۆڵبەری كردووە، ساڵانەش ژمارەیەكیان بەھۆی كەوتن لە شاخ و ژێر بەفر كەوتن، یان بە تەقەی ھێزە چەكدارەكانی ئێران گیان لەدەست دەدەن و بریندار دەبن.