داوای دوورخستنه‌وه‌ی راكان جبووری ده‌كرێت

توركمانەكان دژی پارێزگاری سەپێندراوی كەركووك درووشم بەرزدەكەنەوە
kurdistan24.net

K24 - كەركووك

ژمارەیەک تورکمانی کەرکووک داوای دوورخستنەوەی پارێزگاری سه‌پێندراوی کەرکووک لە پۆستەكەی دەکەن و پێیان وایە، راکان جبووری بووەتە کێشەی نێوان پێكھاتەكان و هەڕەشە بۆ ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی، ئەمە جگە لەوەی تۆمەتباری دەکەن بەوەی کە مافی تورکمانەکان نادات و خەریکی تەعریب کردنی کەرکووکە. لەپاڵ تورکمانەکان، کوردیش ناڕازین لەدۆخەكە و داوای گۆڕانکاری ئیداری لەشارەکە دەكەن.

لەدوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە یەكەمجارە توركمانەكان لە دەرەوەی حزبەكانیان داوای دوورخستنەوەی راكان جبووری دەكەن.

عەباس ئاوچی، ھاووڵاتییەكی توركمانی دانیشتووی كەركووكە و دەڵێ: "ئێمەی تورکمان نوێنەرمان نییە، بێ کەسین، سیاسییەکانمان تەنها بەرژەوەندی خۆیان دەوێ، ئێمە خۆمان نوێنەرایەتی خۆمان دەكەین".

توركمانەكان لە كەركووك چەندین دروشمیان بەرزكردووەتەوە، كە هەمووی دژی پارێزگاری سەپێندراوی شارەکەیە، ئەوان گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە داوا لە نوێنەرەکانیان دەکەن لەگەڵ کورد رێکبکەون و ئەم پارێزگارەی ئێستا لە پۆستەکەی دووربخەنەوە.

بارودۆخی کەرکووک واقیعێکی سەپێندراوە بە دڵی کورد نییە، تاکو ئێستا بەرپرسانی کورد چەند هەوڵێکیان داوە لەگەڵ سیاسییەکانی هەردوو پێکهاتەی عەرەب و تورکمان بۆ گۆڕانکاری ئیداری، بەڵام نەگەشتوونەتە هیچ دەرئەنجامێک.

عەلی قەڵای، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی لە کەرکووک بە كوردستان24ی گوت: "ئێستا كورد لەم شارە دەسەڵاتی نییە، داوای ئەو مافانەی دەكات كە لەدەستیداوە، بۆ ئەمە دەبێ لەگەڵ نوێنەری پێكھاتەكانی دیكە لە پەرلەمانی عێراق رێكبكەوین".

نزیکەی سێ ساڵە بارودۆخی کەرکووک نائاساییە و حاکمێکی سەربازیی حوکمی دەكات، شارەکە پڕ بووە لە هێزی سەربازیی و بارودۆخی ئەمنیش ناجێگیرە، ئێستا جگە لە كورد، بەشێك لە توركمان و عەرەبەكانیش لە ئیدارەی شارەكە نیگەرانن.