کابینەی نۆیەم گرنگی زۆری بە کەرتی کشتوکاڵ داوە

یەکێتی جوتیاران: کاری جددی بۆ جوتیاران کراوە
kurdistan24.net

K24 – ھەولێر:

بەرنامەی کاری کابینەی نۆیەمی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بەجۆرێك بووه‌، كە پەرەی زیاتر بە کەرتی کشتوکاڵ و بەرھەمی ناوخۆ بدات، بۆ ئەمەش چەند رێگایەکی گرتەبەر، جگە لەوەی خەرجکردنی بوجەی پێویست بۆ ئەو پڕۆژانەی گرنگ و ستراتیجی بوون، لەگەڵ ئەوەشدا بۆردێکی ھەماھەنگی درووستکرا، کە سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان سەرپەرشتی دەکات و بەئەندامێتی وەزارەتی بازرگانی و کشتوکاڵ و دەستەی وەبەرھێنان و چەند وەزارەتێکی دیکە.

حوسێن حەمە کەریم، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ گوتی: ئامانجمان پاراستی بەرھەمی ناوخۆ و باشترکردنی کەرتی کشتوکاڵە.

بەلای یەکێتی جوتیارانەوە كابینەی نۆیەمی حكومەتی ھەرێمی كوردستان كاری جددی بۆ یارمەتیدانی جوتیاران و پاراستنی بەرھەمەکانیان كردووە، بەڵام کێشەی سەرەکی جوتیاران بەقاچاخھێنانی ھەندێك بەرھەمە لە دەروازە سنوورییەكانی پارێزگای سلێمانی، کە زیانی بە جوتیارانی ھەرێمی کوردستان گەیاندووە.

نەوزاد ئەحمەد، ئەندامی مەکتەبی جێبەجێکاری یەکێتی جوتیارانی کوردستان، گوتی: کاری جددی بۆ جوتیاران کراوە.

بە گوێرەی ئامارێكی وەزارەتی كشتوكاڵ لە ماوەی تەمەنی کابینەی نۆیەمی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان سەرەڕای قەیرانی دارایی و بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا، چەندین پڕۆژەی گرنگ و ستراتیجی کەوتونەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

پرۆژەكان:

پڕۆژەی ستراتیجی بە بازاڕکردنی گەنمی جوتیاران، کە دەست بە جێبەجێکردنی کراوە ساڵانە 500 ھەزار تۆن لە جوتیاران وەردەگیرێتەوە.

پڕۆژەی بەرھەمھێنانی شەکر لە چەوەندەر لە سنووری ئیدارەی راپەڕین، گرێبەستی کاری لەگەڵ 8 ھەزار جوتیار ئەنجام كردووه‌.

پڕۆژەی  بەرھەمھێنانی ھێلکەی خواردن لە پارێزگای سلێمانی کە پێداویستی ناوخۆ پڕ دەکاتەوە. 

مۆڵەتدان بە دروستیکردنی کارگەیەکی بەرھەمھێنانی ھێلکە لە خەلەکان، توانای بەرھەمھینانی 37 ملیۆن ھێلکەی ھەیە لە ساڵێکدا.

مۆڵەتدان بە دروستکردنی پڕۆژەیەکی فراوانی گاوداری لە یاران بەگ.

دەستکردن بەجێبەجێکردنی پڕۆژەی ستراتیجی بەرھەمھێنانی مریشکی ھەولێر.

پڕۆژەی  ھێلکەی خواردن بەرھەمھێنانی 500 ھەزار ھێلکە لە یەك رۆژدا لە پارێزگای ھەڵەبجە.

پڕۆژەی بەرھەمھێنانی 100 ھەزار پەنجە ماسی لە پارێزگای دھۆك.

176 پڕۆژە لە ماوەی ڕرابردوودا مۆڵەتیان پێدراوە. 

25 پڕۆژە لە ھەولێر، 115 پڕۆژە لە سلێمانی، 19 پڕۆژە لە دھۆك، یەك پڕۆژە لە ھەڵەبجە و 24 پڕۆژە لە گەرمیان. 

ھەروەھا 407 ملیۆن دینار تەرخانکرا بۆ ھەڵمەتی لە ناوببردنی سن و کیسەڵ.

17 ملیار تەرخانکرا بۆ پاڵپشتیکردنی پڕۆژەکانی کشتوکاڵی دابەشکردنی پەینی کیمیاوی.

بەرھەمھێنان و دابەشکردنی  400 ھەزار نەمامی باخداری.

بەرھەمھێنان و دابەشکردنی 600 ھەزار نەمامی دارستان.

دابەشکردنی پەین و نایلۆن بۆ 400 جوتیاری خاوەن خانووی پلاستیکی. 

پاڵپشتی کردنی 460 جوتیاری خاوەن باخی زەیتون و سێو و ھەنار.

چاندنی پەتاتە لە خانووی پلاستیکیدا، کە بۆ یەکەم جارە ئەم بەرھەمە بەو شێوەیەیە دەچێنرێت بە بڕی 240 تۆن.

ئێستا 32 پڕۆژە لە بواری جێبەجێکردندان بە گوژمەی 31 ملیار و 736 ملیۆن دینار.

تەرخانکردنی 33 ملیار دینار لە لایەن سەرۆکی حکومەتەوە بۆ 12 پڕۆژەی بەنداو، لە ناویاندا بەنداوی باوەنور، بەنداوی گۆمەسپان و بەنداوی دێوانە.

ئامانجی حکومەتی ھەرێمی کوردستان پەرەدانە بە کەرتی کشتوکاڵ و بەرھەمی ناوخۆ و لەم رێگەیەشەوە پاراستنی ئاسایشی خۆراك.