هه‌رێمی كوردستان ده‌رگا به‌ رووی كۆمپانیاكانی هه‌رێمی فلانده‌رز واڵا ده‌كات

سه‌رۆك وه‌زیرانی فلانده‌رز پێشوازی له‌ نوێنه‌ری هه‌رێم له‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا ده‌كات

K24 – هه‌ولێر:

سەرۆک وەزیرانی فلاندەرز  پێشوازی لە نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا کرد و هەردوولا جەختیان لە سەر پەرەپێدانی پەیوەندییەکان کردەوە بە تایبەتی لە رووی پشتگیری لە کەرتی کشتوکاڵ و بازرگانی و دروست کردنی دەرفەت بۆ کۆمپانیاکانی هەرێمی فلاندەرزی بەلجیکا لە هەرێمی کوردستان.

له‌و باره‌یه‌وه‌، نووسینگه‌ی نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا بڵاویكرده‌وه‌، له‌ دیدارەکەدا کە لە بارەگای سەرەکی سەرۆک وەزیران لە برۆکسل بەڕێوه‌چوو، دلاوەر خالد ئاژگەیی نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان سڵاوی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومه‌تی هەرێمی کوردستانی گەیاندە سەرۆک وەزیرانی فلاندەز،  یان یامبۆن و سوپاسی پشتگیری و هاوهەڵوێسی حکومەت و گەلی فلاندەزی بۆ هەرێمی کوردستان کرد لە پشتگیری هەرێمی کوردستان.

لە میانەی سەردانەکە دلاوەر ئاژگەیی بە وردی باسی دۆخی سیاسی و ئابووری هه‌رێمى كوردستان و په‌يوه‌ندييه‌كانى نێوان هه‌رێمی کوردستان و  به‌غدا و گفتوگۆى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانی کرد و جه‌ختى له‌ خواستى هه‌رێمى كوردستان بۆ چاره‌سه‌ركردنى ته‌واوى كێشه‌كان له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوورى عێراق كرده‌وه‌ به‌ شێوه‌يه‌ك ماف و شايسته‌كانى هه‌رێمى كوردستان مسۆگەر بكرێن و سيسته‌مى فيدراڵى وه‌ك له‌ ده‌ستووردا هاتووه‌ جێبه‌جێ بكرێت. هەوڵە‌كانى به‌رده‌م هه‌رێمى كوردستان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى په‌تاى كۆرۆنا و  تێپه‌ڕاندنى دۆخى  ئابوورى و دارايى و پرۆسه‌ى چاكسازى له‌ هه‌رێمى كوردستان بەشێکی دیكه‌ی ته‌وه‌ری دانیشتنەکە بوون.

هه‌روه‌ها مه‌ترسييه‌كانى سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى داعش خرانه‌ڕوو و نوێنەری حکومەت جه‌ختى له‌ پێويستی هه‌رێمى كوردستان به‌ به‌رده‌واميى پشتگيريى نێوده‌وڵه‌تى بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆر كرده‌وه‌.

له‌ باره‌ی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و فلاندەرز هەردوولا جەختیان لە سەر پەرەپێدان بە پەیوەندییەکان کردەوە بە تایبەتی لە رووی پشتگیری لە کەرتی کشتوکاڵ و بازرگانی و دروست کردنی دەرفەت بۆ کۆمپانیاکانی هەرێمی فلاندەرزی بەلجیکا لە هەرێمی کوردستان.

هەرێمی فلاندەرز گه‌وره‌ترین هەرێمی بەلجیکایە و لە رووی سیاسی و ئابووری بە گرنگترین هەرێمی ئەوروپا هەژمار دەکرێت و پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە. یان یامبۆن پێشتر وەکوو جێگری سەرۆک وەزیرانی بەلجیکا و وەزیری ناوخۆ سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە.