سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق داوای هه‌رچی زوو ته‌واوكردنی كاره‌كانی تۆماری بایۆمه‌تری ده‌كات

دوو داواكاری جیاواز ئاراسته‌ی هاووڵاتیان و كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌كات

K24- هه‌ولێر:

مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌ ئاراسته‌ی كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراقی كردووه‌، داوای هه‌رچی زوو ته‌واوكردنی كاره‌كانی تۆماری بایۆمه‌تری ده‌نگده‌ران ده‌كات، ئه‌مه‌ش وه‌ك ئاماده‌كارییه‌ك بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتووی عێراق.

مسته‌فا كازمی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی به‌ نووسراوێك ئاراسته‌ی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنی عێراق كردووه‌ و داواش له‌ هاووڵاتیانی عێراق ده‌كات، خۆیان له‌ بنكه‌كانی كۆمسیۆن تۆمار بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ماوه‌یه‌كی نزیكدا هه‌موویان ببنه‌ خاوه‌ن كارتی تایبه‌تی‌ بایۆمه‌تری بۆ هه‌ڵبژاردن.

هاوكات كازمی داواشی له‌ هاووڵاتیان كردووه‌، بۆ متمانه‌دان به‌ عێراقێكی دیموكرات له‌سه‌ر بنه‌مانی مه‌ده‌نی و ده‌ستووری، به‌جۆشه‌وه‌ به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردنی شه‌شی حوزه‌یرانی ساڵی داهاتوودا بكه‌ن.

جه‌ختیشی كرده‌وه‌،‌ هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ن بۆ به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنێكی پاك و بێگه‌رد و داواشی له‌ هه‌موو لایه‌نه‌ ئیدارییه‌كان كرد،‌ پشتیوانی له‌ كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان بكه‌ن، بۆ ته‌واوكردنی رێكاره‌كانی ئاماده‌كاری و داواشی له‌ كۆمسیۆن كرد،‌ ئاسانكاری به‌ده‌ستهێنانی كارتی ده‌نگدان بۆ ئاواره‌كانی ناوخۆ بكات.

H.B