کەنەدا فرۆشتنی تەکنەلۆژیای سەربازی بە تورکیا راگرت

دەگوترێت ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە لەلایەن ئازەربایجانەوە لەدژی ئەرمینیا بەکارهاتوون

K24 - هەولێر

کەنەدا هەناردەکردنی سیستەمی تەکنەلۆژیی تایبەت بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بە تورکیا راگرت، لێکۆڵینەوەش دەکات لەوەی ئایا ئەو تەکنەلۆژیایە لەلایەن هێزەکانی ئازەربایجان لەدژی ئەرمینیا بەکاردێت یان نا.

فرانسوا فیلیپ شامپەین، وەزیری دەرەوەی کەنەدا دوێنێ (دووشەممە، 5-10-2020) لە راگەیەندراوێکدا گوتی "رێگەپێدانی هەناردەکردنی سیستەمی تەکنۆلۆژیی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانم بە تورکیا راگرتووە، بۆ ئەوەی کاتێکی زیاتر هەبێت بۆ بەدواداچوون".

شەڕی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا گەیشتووەتە لووتکە و، لەماوەی هەفتەی رابردووەوە سەدان کەس لەو شەڕەدا کوژراون. شەڕی ئەو دوو وڵاتە لەسەر ناگۆرنۆ - قەرەباخە، کە هەرێمێکی کێشەلەسەرە و بە فەرمی سەر بە ئازەربایجانە بەڵام لەلایەن ئەرمینییەکانەوە بەڕێوەدەبردرێت. تورکیا پشتگیریی ئازەربایجان دەکات لە شەڕەکەدا.

هەفتەی رابردوو بڵاوکرایەوە ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی لەلایەن ئازەربایجانەوە بەکارهاتوون، سیستەمی بەئامانجکردن و وێنەیان لەلایەن کۆمپانیای ئێڵ سری هایس ویسکام دروستکراوە، کە کۆمپانیایەکە بنکەکەی لە کەنەدایە. میدیاکانی کەنەدا بڵاویان کردووەتەوە، کۆمپانیای ویسکام ئەمساڵ رێگەی پێدراوە حەوت جۆر سیستەم بداتە ئەو فڕۆکە تورکییە بێفڕۆکەوانانەی لەلایەن کۆمپانیای بەیکەر بەرهەمدەهێنرێن.

کەنەدا پێشتریش لە مانگی تشرینی یەکەمی 2019 رێگەپێدانی هەناردەکردنی چەکی بە تورکیا راگرتبوو، بەهۆی ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا لەدژی هێزە کوردییەکان لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان، بەڵام لە مانگی ئایارەوە جارێکی دیکە رێگەی پێدایەوە.

 

هـ.ر.