راکان جبووری دەستبەرداری تەعریبکردن نابێت
K24 - کەرکووک
پارێزگاری سەپێنراوی کەرکووک، داواکاری ژمارەیەک جووتیار لە هۆزی شەممەر بەرزدەکاتەوە بۆ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکووک و پشتگیرییان دەکات بۆ گەڕاندنەوەی ئەو زەوییانەی لە سەردەمی رژێمی پێشوو بە گرێبەست دراونەتە عەرەبە هاوردەکان لە سنووری شارەدێی سەرگەڕان و گوندەکانی پەڵکانە، خەرابە و شناغە.
لە نووسراوەکەیدا راکان جبووری، پارێزگاری سەپێنراوی کەرکووک داوا لە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان دەکات ئەو زەوییانە لە جووتیارانی کورد وەربگرێتەوە، کە بە زیادەڕۆ ناویان دەبات و بۆ عەرەبه هاوردهكان بگەڕێنرێنەوە.
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکووکیش کە واژۆی سەعد حەربییەی لەسەرە داوا لە فەرماندەی پۆلیسی کەرکووک دەکات داواکارییەکەی راکان جبووری جێبەجێ بکات.
بەپێی زانیارییەکانی کوردستان 24، بڕیارە لە رۆژی یەکشەممەی هەفتەی داهاتوو عەرەبە هاوردەکان جارێکی دیکە بچنەوە سنووری سەرگەڕان و بە پشتگیریی هێزە ئەمنییەکان هەوڵدەدەن ئەو زەوییانە لە جووتیارانی کورد زەوت بکەن.
جووتیارانی کوردی ناوچەکە، ئەوانەی قسەیان بۆ کوردستان24 کردووە، دەڵێن بەهیچ شێوەیەک قبووڵ ناکەن پلانی عەرەبە هاوردەکان سەربگرێت و داوا لە دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن هاوکاریان بن لە پووچەڵکردنەوەی ئەم پیلانە.
ئەو هەوڵەی عەرەبە هاوردەکان بە پشتگیریی راکان جبووری لەکاتێکدایە؛ لە دوو هەفتەی رابردووەوە وەزیری دادی عێراق بە نووسراوێک سەرجەم گرێبەستە کشتووکاڵییەکانی سەردەمی رژێمی پێشووی پووچەڵکردەوە.
هەر لەمبارەیەوە مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دوای هەڵکوتانە سەر گوندی خەرابەی سنووری سەرگەڕان لەلایەن سوپای عێراقەوە، کە پشتگیری عەرەبە هاوردەکانیان دەکرد، بەیاننامەیەکی توندی ئاراستەی دەسەڵاتدارانی عێراق کردبوو، تێیدا پشتگیری و پاڵپشتی خۆی بۆ جووتیارانی کورد دەربڕی و هۆشداری بە عەرەبە هاوردەکان دا، داگیرکردنی زەویوزاری کورد قبووڵناکەن و بە هەموو شێوەیەک سیاسەتی تەعریب رەتدەکەنەوە.
هـ.ر.