كه‌مال كه‌ركووكی: له‌ 16ی ئوكتۆبه‌ر تاقمێكی خۆفرۆش كه‌ركووكیان فرۆشت

"خیانه‌تی 16ی ئوكتۆبه‌ر وەك چەقۆیەکی ژەھراوی بوو لە پشتی پێشمەرگە و سەربەخۆخوازان درا"
kurdistan24.net

K24- هه‌ولێر:

کەمال کەرکووکی، سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی كه‌ركووك - گه‌رمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر کاریگەری لەسەر ناوبانگی پێشمەرگە ھەبوو و یەکڕیزیی ناو ھێزەکانی پێشمەرگەشی تێکدا، جگە لە دووبارە تەعریبکردنەوەی کەرکووك و ماڵوێرانکردن و دەربەدەربوونی ھەزاران خێزانی کورد لەو ناوچانە، ھەر ئەوەش وایکردووه‌ ھەموو ساڵێك یادی ئەو خیانەتە نیشتمانیە بکەنەوە، کە وەك چەقۆیەکی ژەھراوی لە پشتی پێشمەرگە و سەربەخۆخوازان درا.

لەبەر گەورەیی ئەو خیانەتە نیشتمانییە، تەنھا یەك رۆژ دوای چاکبوونەوەی لە کۆرۆنا، كه‌مال كه‌ركووكی وردەکاری رووداوه‌كانی ١٦ ئوکتۆبەر لە لایەن تاقمێکی دیاریکراو دەخاتەڕوو.

هه‌وره‌ها گوتی: خیانه‌تی 16ی ئوكتۆبه‌ر درزێکی خستە ناو ئەو یەکڕیزیەی پێشمەرگە لە شەڕی دژ به‌ داعش ھەیبوو، ھەرچەند ئەو پێشمەرگانەی لە کەرکووك و دووز سەنگەریان چۆڵکرد، بەدەر لە خواست و ویستی خۆیان بوو.

ئاشكراشیكرد، دوای خیانه‌ته‌كه‌ی 16ی ئوكتۆبه‌ر تا ئێستا 25 هه‌زار خێزانی عه‌ره‌بی هاورده‌ بۆ مه‌به‌ستی ته‌عریبكردنی خاكی كوردستان به‌ فه‌رمانی پارێزگاری سه‌پێندراوی كه‌ركووك هێنراونه‌ته‌ سنووری ئه‌و پارێزگایه‌.

جه‌ختیشی كرده‌وه‌، له‌دوای ئه‌و رووداوانه‌ 3 هه‌زار ماڵی كورد له‌ كه‌ركووك تاڵانكران.

H.B