ئەردۆغان: سیستەمی ئێس 400مان تاقیكردەوە و ھەڵوێستی ئەمەریكا بۆ ئێمە گرنگ نییە

"مۆلەت لە ئەمەریكا وەرناگرین"

K24 – ھەولێر:

سەرۆكی توركیا، رەجەب تەییب ئەردۆغان رایگەیاند، وڵاتەكەی سیستەمی ئێس 400ـى تاقیكردەوە و "ھەڵوێستی واشنتن لەوبارەيه‌وە بۆ ئێمە گرنگ نییە".

ئەمڕۆ ھەینی، ئەردۆغان بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، "زانیارییەكان لە بارەی تاقیكردنەوەكان راستن، ھەڵوێستی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لەم بارەیه‌وە بۆ ئێمە گرنگ نییە، و مۆلەتیش لەو وەرناگرین".

گوتیشی: یۆنان سیستەمی ئێس 300ی رووسی ھەیە و بەكاریشی دێنێت، ئایا ئەمەریكا لەم رووەوە لە لایەنی یۆنانیی پرسی؟ نەخێر". جەختیشیكردەوە تاقیكردنەوەی "ئێس 400" و جۆرەكانی دیكەی چەك لە لای توركیا بەردەوام دەبێت.

پێشتر ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بەتوندی سەركۆنەی بەكارھێنانی سیستەمی "ئێس 400"ی لە لایەن توركیاوە كرد و ھۆشداریشیداة لە " لێكەوتەی خراپ" لە ئەنجامی ئەم رێكارانەی توركیا لە پەیوەندییەكانی ئەمنی لە نێوان ھەردوو وڵاتدا، چونكە "ھاودژە لەگەڵ بەرپرسیارییەتی توركیا وەك ھاوپەیمان لە چوارچێوەی ناتۆدا و ھاوبەشی ستراتیجی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا.