بۆ دابینكردنی مووچە حكومەتی عێراق داوای 41 ترلیۆن دینار دەكات

"پەرلەمان رەزامەندی لەسەر ئەو بڕە قەرزە نادات"
kurdistan24.net

K24 – ھەولێر

حكومەتی عێراق بۆ دابینكردنی مووچەی سێ مانگی كۆتایی ئەمساڵ داوای 41 ترلیۆن دینار دەكات، كە وەك قەرز وەری بگرێت. ئەنجومەنی نوێنەرانیش رەتیدەكاتەوە و داوا دەكات حكومەت پاكێجی چاكسازی ئابووری جێبەجێ بكات.

بەشیر حەداد، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە كوردستان24ی راگەیاند: "سێ مانگ پێش ئێستا حكومەتی عێراق پڕۆژە یاسایەك بۆ قەرزی ناوخۆ و دەرەكی پێشكەش بە پەرلەمان كرد، بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخەی تێیكەوتووە، ئەوكات ئێمە رازی نەبووین ئەو پڕۆژە یاساییە تێپەڕێت و مۆڵەتمان بە حكومەت نەدا، دواتر حكومەت رایگەیاند، ئەگەر قەرز وەرنەگرێت ناتوانێ مووچە بدات، پەرلەمان بەو مەرجە پڕۆژەیاسایەكەی تێپەڕاند كە حكومەت لە ماوەی 60 رۆژدا پاكێجی چاكسازی ئابووری پێشكەش بە پەرلەمان بكات، بۆ ئەوەی جارێكی دیكە تووشی قەرز نەبێتەوە، بەڵام بەداخەوە پاكێجەكە لە وادەی خۆی زۆر دواكەوتوو كە ناوی ناوە (پەڕاوی سپی)، راپۆرتەكەش ئەوە نەبوو كە پەرلەمان دەیویست".

گوتیشی: "ئێستا جارێكی دیكە حكومەتی عێراق داوای قەرز دەكات، كە بڕەكەشی زۆرە و داوای 41 ترلیۆن دینار دەكات، تەنھا بۆ مووچەی سێ مانگی كۆتایی ئەمساڵ، ئەگەر رەزامەندی لەسەر بدرێت عێراق بەرەو بارودۆخێكی زۆر خراپتر دەچێت، بۆیە بە بڕوای من پەرلەمان بە ھیچ شێوەیەك رەزامەندی لەسەر ئەو بڕە پارەیە نادات بۆ قەرزی مووچە".

بەشیر حەداد، ئاماژەی بەوەشكرد: "ئەگەر بزانرێت حكومەت ھەر مووچەی پێنادرێت رەنگە لە 10 تا 20 ترلیۆن دینار رەزامەندی لەسەر بدرێت، ئەمەش بە مەرجێك كە دوایین قەرزبێت و دەست بكات بەو پاكێجە ئابووریەی كە بۆ پەرلەمانی ناردووە".

ھ.م