حكومه‌تی هه‌رێم داوای له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی كردووه‌ هاوكاری گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئاواره‌كان بۆ سه‌ر زێدی خۆیان بكات

داوای قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی زیانپێگه‌یشتووانی ده‌ستی داعش كراوه‌
kurdistan24.net

K24- هه‌ولێر:

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە ئەنجومەنی وەزیران و نوێنەری حکومەتی ھەرێم لە یونیتاد دەڵێت: حکومەتی ھەرێمی کوردستان داوای لە کۆمەڵگای نێوده‌وڵەتیی کردووە، لە رێگه‌ی میکانزمێکی گونجاو قەرەبووی زیان لێکەوتوان بکاتەوە و ناوچەکانیان ئاوەدان بکاتەوە.

له‌كاتێكدا پێکھاتەکانی ھەرێمی کوردستان بەشێکن لە قوربانیەکانی دەستی داعش و تیرۆرستان، بە تایبەت کریستیان و ئێزیدیەکان، بۆیە ئێستا بە پێویست دەزاندرێت، سەرەتا زەمینە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سه‌ر زێدی خۆیان برەخسێندرێت، له‌وباره‌شه‌وه‌ ئایدن مه‌عروف، وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان بە پێویستی دەزانێت، کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتی ھاوکار بێت بۆ جێبەجێکردنی ئەو رێکەوتنانەی لە بەرژەوەندی قوربانیانی دەستی داعش ئەنجامدراون.

تیمی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی لە تاوانەکانی داعش، سێ ناوەندی لە عێراق دامەزراندووە، کە دوو لەو ناوەندانە لە ھەولێر و دھۆکن و یەکێیش لە بەغدایە، حکومەتی ھەرێم ھەموو ئەو زانیاریانە پێيان دەدات, کە تایبەتن بە تاوانەکانی داعش دەرھەق بە خەڵکی کوردستان بە ھەموو پێکھاتەکانەوە، بۆ ئەوەی پرۆسەی دادگایکردنی تاوانبارانی داعش خيراتر بكرێت .

H.B