پەرلەمانی عێراق دەنگ لەبارەی قەرزکردن دەدات بۆ دابینکردنی مووچە

K24 - هەولێر

یەکەم بڕگەی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق تایبەتە بە دەنگدان سەبارەت بە رێگەپێدانی حکومەت بۆ ئەوەی بڕێک پارە قەرزبکات بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی، ئەندامێکی پەرلەمانیش دەڵێ "کۆدەنگییەک لە پەرلەمان هەیە بۆ قەرزکردنی 12 تریلیۆن دینارێک".

دانا جەزا، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی لەبارەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ (چوارشەممە، 11-11-2020)ـی پەرلەمانی عێراق لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24 میوان بوو و باسی لە شێوازی قەرزکردن و رای پەرلەمانتاران کرد لەبارەی قەرزەکە.

حکومەت داوای کردووە پەرلەمان رێگەی بدات 41 تریلیۆن دینار قەرزبکات بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجە، بۆ ئەو سێ مانگەی کۆتایی ئەم ساڵ و سێ مانگی ساڵی داهاتوو.

بڕە پارەکە زۆرە و کۆبوونەوەی زۆر هەڵدەگرێت، بۆیە هەرچەندە بریار بوو کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی پەرلەمان کاتژمێر 12:00ـی نیوەڕۆ دەستپێبکات، کەچی تاوەکو ئێستا (کاتژمێر 01:47ـی دوانیوەڕۆ) لیژنەی دارایی لە پەرلەمان لە کۆبوونەوەدایە و تاوەکو کۆبوونەوەکەی ئەوانیش کۆتایی دێت، کۆبوونەوەی پەرلەمان دەستپێناکات.

دانا جەزا دەڵێ "یەکلابووەتەوە حکومەتی عێراق بۆ ئەو ماوەیە کورتهێنانی هەیە، مانگانە پێویستی بە نزیکەی 6 ملیار دۆلارە بۆ دابینکردنی مووچە و پێداویستییەکانی مانگانەی، بەڵام ئێستا ملیار و نیوێک بۆ دوو ملیاری مانگانەی هەیە، بۆیە ئەو بڕە کەمە و بۆ ئەو سێ مانگە پێویستی بە قەرزە".

لیژنەی دارایی پەرلەمان و پەرلەمان لە تاوتوێیەکی زۆردان، بەجۆرێک بە گوتەی ئەندام پەرلەمانەکە "بڕیارێک دروست بووە، کە بڕی ئەو قەرزەی پەرلەمان رازیبێت لەسەری بۆ ئەوەی بدرێتە حکومەتی عێراق، نزیکە لە 12 تریلیۆن دینار نەوەک 41 تریلیۆن، ئەویش بۆ ئەو سێ مانگە: دە، یازدە و دوازدە".

دانا جەزا دەڵێ "حکومەت خۆی نزیکەی 12 تریلیۆنێک داهاتی لەبەردەستە، واتا کۆی بڕەکە دەکاتە نزیکەی 24 تریلیۆن بۆ ئەو سێ مانگە، بەمەش دەتوانێت مووچە و پێداویستی تەندروستی و پزیشکی دابین بکات".

حکومەت داوای کردبوو ئەو 41 تریلیۆنە بۆ شەش مانگ (سێ مانگی کۆتایی ئەمساڵ و سێ مانگی سەرەتای ساڵی داهاتوو) خەرج بکرێت، بەڵام بەپێی گوتەکانی پەرلەمانتارە کوردەکە "پەرلەمان ئەمەی پێ باش نەبوو".

ناکۆکی لەنێوان فراکسیۆنەکان

سەرەتا فراکسیۆنەکان بەشێکیان لەگەڵ ئەو پڕۆژەیاسایەدا نەبوون، چونکە ناڕوونیی تێدا بووە، بە گوتەی دانا جەزا ئێستا، پرۆژەیاساکە تاڕادەیەک روونبووەتەوە و بە نزیکەی هەمووان لەسەری کۆکن، چونکە چەند مەرجێکی تێدایە بۆ نموونە؛ "دەبێت حیسابی بودجەی 2021ـی تێدا بکرێت، ئەمانە هەموو وایان کردووە هەنگاوێک لە پێدانی رەزامەندی بۆ قەرزکردنەکە بڕۆینە پێشەوە".

پشکی هەرێمی کوردستان لەو قەرزەدا چەندە؟

بەپێی رێککەوتنی مانگی ئابی هەولێر و بەغدا، بەغدا دەبێت مانگانە 320 ملیار دینار بنێرێتە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشێکی مووچەی فەرمانبەرانی پێ دابین بکات، دانا جەزا دەڵێ "لەسەر ئەو بنەمایە ئێمە چاوەڕوانین کە ئەو قەرزە وەرگیرا، بە هەمان شێوە پشکی هەرێمی کوردستان دابین بکرێت، بەڵام نایشارمەوە ئێستا جوڵەیەک هەیە بەتایبەتی لە لیژنەی دارایی پەرلەمان، کە هەندێک پەرلەمانتاری فراکسیۆنە شیعەکان داوای ئەوە دەکەن، پشکی هەرێم بە مەرج بدرێت و هەندێکیشیان دەڵێن؛ نەدرێت".

دانا جەزا باس لەوە دەکات "بەڵام، قەرزەکە لەسەر بودجەی هەموو عێراقە کە پشکی هەرێمی کوردستانیشی تێدایە، هەم لە وەرگرتنی قەرز و هەم دانەوەی قەرزەکە، هەروەها رێککەوتنیک هەیە، کە دەبێت تاوەکو بودجەی ساڵی 2021 پەسەند دەکرێت، پشکی هەرێمی کوردستان بدرێت".

مووچە کەی دابەش دەکرێت؟

پەرلەمانتارە کوردەکەی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق جەخت دەکاتەوە لەوەی "ئەگەر ئەمڕۆ قەرزەکە وەربگیرێت، سبەی دەتوانرێت مووچە بدرێت، چونکە حکومەتی عێراق خۆی بڕێک پارەی لەبەردەستە و وەرگرتنی قەرزەکەش لە بانکی ناوەندی و بانکەکانی دیکە ئاسانە و مامەڵەی چەند رۆژێکە".

بەڵام ئەگەر پرۆژەکە پەسەند نەکرێت؟ دانا جەزا گوتی "ئەوکاتە حکومەت بە ماوەی مانگێک و چەند هەفتەیەک دەتوانێت مووچەی یەک مانگ کۆبکاتەوە، کە ئێمە ئەوەمان ناوێت و، پەرلەمان نزیکە لە کۆدەنگی بۆ پێدانی مۆڵەت بۆ قەرزکردنی ئەو بڕە پارەیە".