چاودێران: بڕینی مووچه‌ فشاری سیاسیه‌

بۆ رازیكردنی شه‌قام دژایه‌تی‫ هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێت
kurdistan24.net

K24 – ھەولێر:

چاودێرانی سیاسی، بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی كوردستان لە لایەن پەرلەمانی عێراقەوە، بە سزایەكی دیكەی سیاسی بۆ سەر ھەرێمی كوردستانی دەزانن، بەتایبەت عێراق لە وادەی ھەڵبژاردنی پێشوەختە نزیكبووەتەوە و لایەنە سیاسییە شیعەكان لە ھەوڵدان لەڕێگەی دژایەتیكردنی ھەرێمی كوردستانەوە زۆرترین دەنگ كۆبكەنەوە.

چەقۆی سیاسەت و ململانێی نێوان لایەنە شیعەكان لە بەغدا، جارێكی دیكە خرایەوە سەر ملی بەشە مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی كوردستان، ئەمە رێك ئەو قسەیە كە ساڵانێكە ھەرێمی كوردستان داوادەكات مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم  لە ململانێ سیاسییەكان بەدوور بێت.

بەرەبەیانی رۆژی پێنجشه‌ممه‌، پەرلەمانی عێراق بە دەنگی پەرلەمانتارانی شیعە و سووننەكان، دەنگی لەسەر پرۆژە یاسای قەرزی دەرەكی دا و لە بڕگەیەكدا رێگەی لە حكومەتی عێراق گرت 320  ملیار دینار مانگانە بۆ فەرمانبەرانی ھەرێمی كوردستان بنێرێت، كە رێككەوتنی نێوان ھەولێر و بەغدا بوو.

بەپێی یاساكە، لەسەر حكومەتی ھەرێمی كوردستان سەپێندراوە، پارەی داھاتی نەوت و داھاتە نانەوتییەكان ڕادەستی بەغدا بكات، لە بەرامبەدا بەغدا بڕێك پارە بۆ ھەرێمی كوردستان بنێرێت، كە لە یاساكەدا دیاری نەكراوە.